هاوپەیمانیی عەرەبی: میلیشیای حوسی هەرەسی هێناوە

 هاوپەیمانیی عەرەبی: میلیشیای حوسی هەرەسی هێناوە
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی و ئیسلامی (هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعییەتی یەمەن)، کە سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، رایدەگەیەنێت، کە میلیشیای حوسییەکان هەرەسی هێناوە و سێ رێگایان لەبەردەمە.



چەند رۆژێکە سوپای شەرعیی یەمەن بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە چەندین بەرەوە هێرشی چڕوپڕ دەکەنە سەر چەکدارانی حوسییەکان، کە لە مانگی 8ـی 2014ـەوە دەستیان بەسەر شارەکانی ئەو وڵاتەدا گرتووە.



عەقید روکن تورکی ئەلمالکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی رایگەیاندووە، چەکدارانی حوسییەکان سێ رێگایان بۆ دەربازبوون لەبەردەمە، ”بۆ لای خەڵک بگەڕێنەوە، خۆیان رادەست بکەن یاخود خۆیان بۆ هێرش هاوپەیمانیی عەرەبی ئامادە بکەن“.



عەقید روکن تورکی ئەلمالکی هەروەها رایگەیاندووە، چەکدارانی حوسییەکان هەرەسیان هێناوە و لە زۆربەی بەرەکانی شەڕدا، شکاون.



بزووتنەوەی حوسییەکان (ئەنساروڵڵا)ی یەمەن میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبی یەمەنییە و کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی دەکات.





باسنيوز
Top