ئێران: چەند هەفتەی دیکە لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەین

 ئێران: چەند هەفتەی دیکە لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەین
جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران، وێڕای گرنگ وەسفکردنی دانیشتنی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام) لە ڤییەنا گوتی ئێران هەتا چەند هەفتەی دیکە لەمبارەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.



عەباس عێراقچی، لەمبارەوە پاش کۆبوونەوەی وڵاتانی بەشداری ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران وێڕای نۆکیا ئامانۆ سەرۆکی ڕێکخروی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی کە بۆ یەکەمجار بەبێ ئەمریکا بەڕێوە چوو، ڕای گەیاند: "ئەو دانوستان و گفتوتوگۆیانە تا چەند هەفتەی دیکە لە هەموو ئاستەکاندا درێژەیان دەبێت و پاش ئەوەش ئێران بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات کە ئایا لەو ڕێککەوتنە بمێنێتەوە یان نا".



جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی بەڵێنیی وڵاتانی ئەورووپی بۆ جێبەجێکردنی ویست و داخوازییەکانی ئێران، متمانەیان بە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیاتر بووە.



پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی و دیاریکردنی چەندین مەرج بۆ ئێران و ئەورووپا لەلایەن ئەو وڵاتەوە، لە بەرانبەردا عەلی خامنەییش لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین مەرجی بۆ ولاتانی ئەورووپی دەستنیشان کردووە هەتا پابەندی ببن و بەرەنگاری ئەمریکا ببنەوە و پابەندی مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بن.



دانیشتنی تایبەتیی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام) کە دوێنێ هەینی 2018/5/25 لەسەر داوای ئیران لە ڤییەنا و بەبێ ئامادەبوونی ئەمریکا بەڕێوە چوو، کە تێیدا دەرەنجام و کاریگەرییەکانی پاش هاتنەوە دەرەوەی ئەمریکا تاتوێ کران.



بە گوتەی عێراقچی لەو کۆبوونەوەیەدا ڕووسیا، چین، بەریتانیا، ئەڵمانیا ویڕای جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونیان بە مانەوە لەو ڕێککەوتنە، هەوڵ دەدەن لە بوارە جیاجیاکانی وەک: "نەوت، پەیوەندیی بانکی، سەرمایە و بازرگانی بیمەی دارایی و بانکی" بگەنە چەندین ڕێکاری زانستی هەتا ویست و داخوازییەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن".






باسنیوز
Top