توركیا و ئیسرائیل لەژێرەوە په‌یوه‌ندیی ئابووری بره‌و پێ ده‌ده‌ن و له‌سه‌ره‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه لێکدی ده‌كه‌ن
هاووڵاتییانی فه‌له‌ستین دژی گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانەی ئه‌مەریكا بۆ قودس ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام و له ئه‌نجامدا زیاتر له 60 فه‌له‌ستینی كوژراون. توركیا وه‌كوو وڵاتێكی ئیسلامی به‌توندی دژی ئیسرائیل وه‌ستایه‌وه و به (تیرۆریست)ی چواند، ئیسرائیلیش بێ وه‌ڵام نه‌بوو و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته ئه‌ردۆغانی به كوشتنی كوردان تۆمه‌تبار كرد.
ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا، لەڕێگه‌ی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانه‌وه به‌توندی سەرکۆنەی ئیسرائیلی كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هاووڵاتییانی فه‌له‌ستینی، هه‌روه‌ها باڵوێزی ئیسرائیلیشی له توركیا ده‌ركرد و ئیسرائیلیش به‌نیازه هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بێت و ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له میدیاكانی وڵاتی خۆیه‌وه هه‌ڕه‌شه له توركیا ده‌كات.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌م ناكۆكییانه نه‌یتوانیوه په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان ئه‌و 2 وڵاته سست بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نین له‌سه‌ر كێشه‌ی سیاسی په‌یوه‌ندیی ئابووری له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بپچڕێنن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌زگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له ساڵی 2017 ئیسرائیل به رێژه‌ی 38 ملیۆن دۆلار به‌رهه‌می كشتوكاڵی هەناردەی توركیا كردووه. هه‌روه‌ها توركیاش به هه‌مان شێوه له‌و ساڵه‌دا به رێژه‌ی 37 ملیۆن دۆلار به‌رهه‌می گشتوكاڵی هەناردەی ئیسرائیل كردووه.
له ساڵی 2017ـدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان توركیا و ئیسرائیل‌دا 4.9 ملیار دۆلار بووه، هه‌روه‌ها توركیا له ریزبه‌ندی 21 ە‌مین وڵاته له لای ئیسرائیل بۆ ئاڵووێری بازرگانی.
هه‌ر له ساڵی 2017 توركیا به رێژه‌ی 3.41 ملیار دۆلار به‌رهه‌می هەنارده‌ی ئیسرائیل كردووه، به‌ڵام ئیسرائیل 1,51 ملیار دۆلار به‌رهه‌می هەنارده‌ی توركیا كردووە، کۆی گشتی نزیكه‌ی 5 ملیار ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوانیاندا هه‌بووه.
زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی توركیا هەنارده‌ی ئیسرائیلی ده‌كات پیشه‌سازیین وه‌كوو (كێبڵ، خشڵ، پلاستیك، سیرامیك و كه‌لوپه‌لی سپی، چیمه‌نتۆ، ئاسن و به‌رهه‌می كشتوكاڵی).
ماڵپه‌ڕی (BBC)ـی توركی ئاشكرای ده‌كات، هه‌ردوو وڵات به‌نیازن له‌مساڵدا په‌یوه‌ندیی ئابووریی خۆیان زیاتر بره‌و پێ بده‌ن، به‌تایبه‌ت له رووی گازی سروشتییه‌وه.
ئیسرائیل ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی توركیاوه غازی سروشتیی خۆی هەنارده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بكات، توركیایش گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا كردووه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنەوە. جگه له‌وه‌ش توركیا بۆ خۆی پێویستی زۆری به غازی سروشتی هه‌یه، بۆیه ده‌بێته كڕیاری غازی سروشتیی ئیسرائیل.
ئه‌و دوو وڵاته له‌به‌رده‌م میدیاكانی جیهان و گه‌لی خۆیان، زۆرترین دژایه‌تیی یه‌كتری ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ژێره‌وه په‌یوه‌ندیی ئابووریی خۆیان زیاتر بره‌و پێ ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت لەڕووی كه‌رتی سه‌ربازییشه‌وه په‌یوه‌ندیی ئه‌و دوو وڵاته كۆنه و توركیا بۆ چه‌ندین كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی پشتی به ئیسرائیل به‌ستووه.
كه‌مال كلیچدارئۆغلو، سه‌رۆكی جه‌هه‌په، پارساڵ له میتینگێكی پارته‌كه‌یدا له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا دژی ئه‌ردۆغان قسه‌ی كرد و گوتی: "ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌یت دژی ئیسرائیلیت و خه‌می گه‌لی فه‌له‌ستینته، بڕۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووریی خۆت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپچڕێنه؟ كه نایكه‌یت كه‌واته تۆ خه‌می گه‌لی فه‌له‌ستینت نییه".
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌داهاتوودا په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان توركیا و ئیسرائیل به‌ره‌و خراپی بڕوات، به‌ڵام هه‌رچه‌نده خراپ بێت، وه‌كوو ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی (BBC)ـی توركی ئاماژه‌ی بۆ كردووه، كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی ئابووریی ئه‌و 2 وڵاته نابێت.
bas news -
