ئیسرائیل پێگەکانی حەماسی لە کەرتی غەزە بۆردومان کرد

 ئیسرائیل پێگەکانی حەماسی لە کەرتی غەزە بۆردومان کرد

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بنکە و پێگەکانی حەماسیان لە کەرتی غەزە بۆردومان کرد و بەرپرسانی سوپای ئیسرائیلیش دەڵێن ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشی فەلەستینییەکاندا کە دوێنێ ئەنجامیان داوە.



بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی فەرەنسا و بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لە باکووری کەرتی غەزە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی ژێرزەوینیی سەر بە ڕێکخراوی حەماس. بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل ئەو هێرشە لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆریزمدا بووە و دوو بنکەی دیکە کە سەر بە کەرتی دەریایی حەماس بوون، کراونەتە ئامانج.



سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، ئەو هیرشە لە تۆڵەی هێرشی ڕۆژی سێشەممەی فەلەستینییەکاندا بووە کە هاتوونەتە ناو خاکی ئیسرائیل و بنکەیەکی سوپای ئەو وڵاتەیان ئاگر تێ بەرداوە.



هەتا ئێستا لەبارەی ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشەی ئیسرائیل زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.



گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەزە لە کۆتایی مانگی پێشووی زایینییەوە دەستی پێکردووە کە تێیدا دەیان فەلەستینی کوژران و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون.





باسنیوز
Top