لێدوانی مایک پۆمپیۆ لەبارەی ئێران کاردانەوەی جیهانیی لێ کەوتەوە

 لێدوانی مایک پۆمپیۆ لەبارەی ئێران کاردانەوەی جیهانیی لێ کەوتەوە
لێدوان و ئاخاوتنی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە بەرانبەر ئێران کەوتە بەر سەرنجی ئسیرائیل و وڵاتانی کەنداو و هاوکات چەند وڵاتی دیکەش بە توندی ڕەخنەیان لەو قسانە گرتووە.



بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، مایک پۆمپیۆ، لە یەکەم لێدوانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گوتی: "ئەمریکا توندترین گەمارۆکان لەدژی ئێران جێبەجێ دەکات و ئەگەر حکوومەتی ئێران ڕەفتارەکانی خۆی نەگۆڕێ، گوشاری گەمارۆکان توندتر دەبنەوە". پۆمپیۆ 12 مەرجی بۆ دانوستان و گەیشتن بە دانیوستان لەگەڵ تاران دەستنیشان کردووە.



لە یەکەم کاردانەوەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشوازیی لەو هەڵوێستەی ئەمریکا کردووە و گوتی: "ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سەپاندنی گەمارۆی توند و چوونە دەرەوەی ئێران لە سووریا زۆر گرنگن و ئێمە لەو باوەڕە داین، ئەمە تەنیا سیاسەتێکە کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا و ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین هەتا پاڵپشتیی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر ئێراندا بکەن".



هاوکات فدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە جەختکردنەوە لەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران (بەرجام) "هیچ جێگرەوەیەکی دیکەی نییە"، ڕای گەیاندووە پۆمپیۆ لە قسەکانیدا دیاریی نەکردووە بە چ شێوەیەک هاتنە دەرەوە لەو ڕێککەوتنە مەترسیی پەرەسەندنی ئەتۆمیی لە ناوچەکە کەمتر کردووەتەوە و هاوکات چ ڕێکارێک بۆ پێشگیری لە هەوڵەکانی ئێران لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنە دیاری دەکات هەتا یارمەتیدەری دۆخەکە بێت؟".



لەلایەکی دیکەشەوە ئیمارات پێشوازیی لە قسەکانی مایک پۆمپیۆ کردووە. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕای گەیاندووە: "هەوڵە بەردەوام و یەکگرتووەکان تاقە ڕێگەیە کە دەریدەخات کە دەبێ ئێران واز لە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەک بێنێت".



لەمبارەوە ڕەجەب تەئیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، ڕەخنەی لە هاتنە دەروەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران گرتووە و لە لێدوانێکدا گوتوویەتی: "ئەو کەسانەی کە 15 هەزار کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، ئێستا سەرقاڵی هەڕەشەکردنی جیهانن". ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی کە لایەنەکانی دیکەی ئەو ڕێککەوتنە، پێچەوانەی بڕیاری ئەمریکا پابەندی ڕێککەوتنەکەن و تێیدا ماونەتەوە، بەڕای تورکیا کار و بڕیارێکی ئەرێنییە".



وەزیری دەرەوەی بەحرێن، لەمبارەوە ڕای گەیاندووە: "ئەو ستراتیجییەی کە ئەمریکا گرتوویەتە پێش، "نیشانەی ئیرادەیەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی سیاسەتکانی ئێران، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات و ئەمکارە یارمەتییەکە هەتا کەموکۆڕیی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران چارەسەر بکرێت و جەختی کردووەتەوە کە پاڵپشتیی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران دەکات".

لە بەرانبەردا بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ڕای گەیاندووە: "بەرجەوەندی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ونێ لەگەڵ تاران "زۆر زۆر ئەستەم و دژوارە"، و پێی وایە "دوورە لە ڕاستی کە ڕێککەوتن لەبارەی هەموو هەوڵەکانی ئێران لە یەک دانوستاندا جێگە بگرن، وەک ڕەفتارە تێکدەرانەکانی ئێران لە انوچەکە، بەرنامەی مووشەکیی بالستیک و پرسی ناوکی" و ڕێککەوتن لەبارەی ئەم پرسانە لە یەک کاتدا جێبەجێ نابێت".

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران، لە کاردانەوە بە قسەکانی مایک پۆمپیۆ و سیاسەتی نوێی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر ئێران گوتی: "ئەوم قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوشێوەی بەرپرسانی دەوڵەتی جۆرج بۆشن لە 15 ساڵە لەمەوبەر و مەگەر ئێوە چین کە ڕێگە بۆ ئێران و جیهان دیاری بکەن و بڵێن دەبێ ئێران لە بواری تەکنۆلۆژیادا چی بکات؟.

لەلایەکی دیکەشەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە کاردانەوە بە وتکانی مایک پۆمپیۆ، ڕای گەیاندووە لەبارەی ئەم پرسەوە سەردانی واشنتۆن دەکات و سەرکۆماری فەرەنساش بڕیارە بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئێران سەردانی پۆتین سەرکۆماری ڕووسیا بکات.





باسنيوز
Top