ئێران: هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ ناچارمان بکات سووریا بەجێ بهێڵین

 ئێران: هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ ناچارمان بکات سووریا بەجێ بهێڵین
بەهرام قاسمی گوتبێژی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ ئێران ناچار بکات لە سووریا بکشێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 2018/5/21 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسەدا کە بەرپرسانی ڕووسیا ڕایان گەیاندووە کە دەبێ هێزە دەرەکییەکان لە سووریا بکشێنەوە و ئایا ئەگەری هەیە ڕووسیا ئێران ناچار بکات، سووریا بەجێ بهێڵێت، گوتی: "کەس بۆی نییە ئێران ناچار بە هیچ کارێک بکات. ئێران وڵاتێکی سەربەخۆیە کە سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی لە ناوچە و جیهان دیاری دەکات".

بەهرام قاسمی ئاماژەی بەوەش کرد: "بوونی ئێران لە سووریا لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی ئەو وڵاتەیە و ئامانجی سەرەکیی ئێمەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و سەرکوتی تیرۆریزمە لەو وڵاتە، بە جۆرێک کە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بپارێزرێت و هەتا ئەوکاتەی پێویست بکات و مەترسیی تیرۆر لە ناوچەکە هەبێت و دەوڵەتی سووریا داوا لە ئیران بکا کە یارمەتیی بدات، ئێران درێژە بە یارمەتییەکانی لە سووریا دەدات".

ئێران بە یەکێک لە هاوپەیمان و پشتیوانانی حکوومەتی بەشار ئەسەدە و لە کاتی سەرەهەڵدانی ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011، ئێران بە فەرمی بە چەندین گرووپی میلیشیایی شیعەی وەک "سوپای قودس، فاتمیوون و زەینەبیوون" چوونە ناو ئەو وڵاتە و هەتا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار چەکداری ئێرانی لەو وڵاتە کوژراون و بە گوتەی سەرچوەکانی ئێران، ساڵانە ئێران زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لەو وڵاتە خەرج دەکات.








باسنيوز
Top