سکۆتلاند ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەداتەوە
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20/5/2018، خاتوو نیکۆڵا ستورگیۆن، وەزیری یەکەم (سەرۆک وەزیران)ی سکۆتلاند بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە جارێکی دیکە تاوتوێی ئەنجامدانەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سکۆتلاند، دەکەن و داواکارییەک دەدەنەوە حکوومەتی بەریتانیا.
نیکۆڵا ستورگیۆن هەروەها رایگەیاندووە، کە گەلی سکۆلاند پێی باش نییە لە یەکێتیی ئەوروپا دوورکەوێتەوە، بۆیە بیر لە جیابوونەوە لە بەریتانیا دەکاتەوە و ریفراندۆمێکی دیکە بۆ سەربەخۆیی لە پایزی 2018 یان بەهاری 2019 ئەنجام دەدات.
پێشتر لە 18/9/2014، گەلی سکۆتلاند چوونە سەر سندووقەکانی ریفراندۆم، بەڵام %55.30ـی دەنگدەران دەنگیان بە مانەوە لە بەریتانیا دا و %44.70ش دەنگیان بە سەربەخۆیی سکۆتلاند دا.
سکۆتلاند یەکێک لەو چوار هەرێمانەیە، کە ”بەریتانیای مەزن“یان پێک هێناوە، کە بریتین لە؛ ئینگڵتەڕا، ئیرلەندای باکوور، وێڵز و سکۆتلاند.
رۆژی 22/6/2016، گەلی بەریتانیا لەڕێی ریفراندۆمێکەوە، بڕیاری چوونە دەرەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا دا.
باسنيوز
