سوریا .. رۆژى چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانى رژێم 80 كه‌سیان كوشت

سوریا .. رۆژى چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانى رژێم 80 كه‌سیان كوشت
لیژنه‌كانى هه‌ماهه‌نگى شۆڕش له‌ سووریا رایانگه‌یاند كه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ 80 كه‌س به‌ گوله‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هێزه‌كانى سوپاى رژێم له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانى ئه‌و وڵاته‌ كوژران كه‌ زۆربه‌یان خه‌ڵكى پارێزگه‌ى ده‌رعان .

هه‌روه‌ها رۆژى چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانى رژێم ده‌ستیان به‌ بۆردومان كردنى شارى ته‌لبیسه‌ له‌ پارێزگه‌ى حمس كرده‌وه‌ و تانه‌كه‌كانى رژێم له‌ بۆردومان كردنى گونده‌كانى جویسه‌و نزارییه‌ و بوه‌یزه‌ به‌رده‌وام بوون و له‌ ئاكامدا ژماره‌یه‌ك خانووبه‌ره‌ى هاووڵاتیان رووخان.

له‌ پارێزگه‌ى ده‌رعاش هێزه‌كانى رژێم شارۆچكه‌ى شه‌جه‌ره‌یان بۆرومان كردو ژماره‌یه‌ك موشه‌كیش به‌ر قوتابخانه‌ى پیشه‌سازى كه‌وت هاوكات هێزه‌كانى رژێم هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى شارى ده‌رعا. له‌ شارى ئیدله‌بیش شه‌ڕوپێكدادانى توند له‌ نێوان هێزه‌كانى رژێم و سوپا سووریاى ئازاددا روویداو هێزه‌كانى رژێم ته‌قه‌یان له‌ ماڵى هاووڵاتییان كرد جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند كه‌سێك له‌ شارۆچكه‌ى هه‌بیت له‌ ئیدلب برینداربوون.

له‌ پارێزگه‌ى لازقییه‌یش هێزه‌كانى رژێم له‌ بۆردومانكردنى شارى سه‌لما به‌رده‌وام بوون. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شارۆچكه‌ى دۆماو مه‌لیحه‌یان له‌ ریف دیمه‌شق هه‌ژاند و شه‌ڕوپێكدادانیش له‌ شارۆچكه‌ى بێت سه‌حیم له‌نێوان سوپاى سووریاى ئازادو هێزه‌كانى رژێمدا رووى دا.
Top