بەهۆى ناكۆكى لەگەڵ خامنەیی سەرۆكى ئێران زیاتر لە دوو رۆژ دەوام ناكا
وارگەى (دەنگى سەوزى ئازادى) لە زارى سەرچاوەكانى خۆى گواستییەوە كە لە كۆبوونەوەیەكى ئەحمەدى نەژاد لەگەڵ خامنەیی پێش ئەوەى سەرۆكى ئێران بەرەو چین گەشت بكا، ئەحمەدى نەژاد بڕیارى خۆى بۆ ئەنجامدانى \"سۆنامى لە حكوومەت و گۆڕینى چەند وەزیر و ژمارەیەكى زۆر لە پارێزگاران\"" راگەیاندبوو.
ئەو بڕیارەى ئەحمەدى نەژاد بە توندى لەلایەن رابەرى ئێرانەوە وەڵامى دراوەتەوە و تەنیا رەزامەندیی خۆى بۆ گۆڕینى پارێزگاران پێشان داوە و خامنەیی بەتایبەت دژى گۆڕینى وەزیرى ناوەخۆى ئێرانە، ئەمەش بەپێى هەمان سەرچاوە.
خامنەیی لە وەڵامى بڕیارەكانى ئەحمەدى نەژاد راى گەیاندووە \""بەهۆى ئەوەى ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى سەرۆكایەتیی كۆمارمان لە پێشە گونجاو نییە لە ساڵى كۆتاى چالاكیی حكوومەت و بە بوونى دۆخى توندى ناودەوڵەتى و گەمارۆكان و هەڵاوسانى ناوەخۆیی، وڵات تووشى شوكێكى تر بكرێ\"".
ئەم وەڵامەى خامنەیی بووەتە هۆى دڵگرانى نەژاد و ناوبراو پاش ئەو كۆبوونەوەیە زیاتر لە 2 رۆژ نەچووەتە شوێنى كارەكەى، بەپێى هەمان سەرچاوە.
بەپێى هەمان سەرچاوە، موستەفا محەمەد نەجار وەزیرى ناوەخۆ، حەیدەر موسلیحى وەزیرى هەواڵگریی ئێران و محەمەد حوسێنى وەزیرى رۆشنبیرى لەو وەزیرانەن كە ئەحمەدى نەژاد نیازى گوڕینیانى هەیە.
ئەمە دووەمین جارە ئەحمەدى نەژاد وەك ناڕەزایەتى بە دەستوەردانەكانى رابەرى ئێران لە كاربارى حكوومەت، نەچووەتە سەر كارەكەى و پێشتریش 11 رۆژ نەچبووە شوێنى كارەكەى."
