مورسی و شەفیق لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەكانى سەرۆكایەتیى میسردا كێبەركێ دەكەن

مورسی و شەفیق لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەكانى سەرۆكایەتیى میسردا كێبەركێ دەكەن
بەپێى ئەنجامە ناڕەسمییە بەراییەكانى هەڵبژاردنى سەرۆكایەتیى میسر، موحەمەد مورسى كاندیدى ئیخوان موسلیمین پلەى یەكەمى بەدەست هێناوە و بە جیاوازییەكى كەم پێش ئەحمەد شەفیق دواین سەرۆك وەزیرانى سەردەمى حوسنى موبارەك كەوتووە، بەو پێیەش ئەو دوو كاندیدە لە خولى دوەمى هەڵبژاردنەكەدا لە مانگى داهاتوو كێبەركێ لەسەر پۆستەكە دەكەن.

سایتى رۆژنامەى (المصری الیوم) ئێوارەى دوێنێ هەینى بەپشتبەستن بەو ئەنجامانەى دادوەران لە بنەكەكانى دەنگدان لە هەر 27 پارێزگەكە رایان گەیاندووە، لە كۆى زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگدەر، 21 ملیۆن و 856 هەزار و 708 كەس دەنگیان داوە كە دەكاتە 43.3%ى دەنگدەران.

لەو رێژەیە مورسی 5 ملیۆن و 446 هەزار و 460 دەنگى هێناوە كە دەكاتە 24.9%ى دەنگەكان، شەفیق 5 ملیۆن و 338 هەزار و 285 دەنگى هێناوە (24.5%)، پاش ئەویش حەمدین سەباحى دێ كە زیاتر لە 4.6 ملیۆن دەنگى هێناوە (21.1%).

عەبدولمونعیم ئەبولفتوح بەپلەى چوارەم هاتووە كە 3.9 ملیۆن دەنگی هێناوە (17.8%) و عەمر مووسایش بە پلەى پێنجەم هاتووە كە 2.5 ملیۆن دەنگى هێناوە (11.3%).

ئەبولفتوح كە سەركردەیەكى پێشووى ئیخوانە لە بەیاننامەیەكدا راى گەیاند، لەپێناو سەرخستى شۆڕش و رووبەڕووبوونەوەى خراپەدا، لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەكان ناكۆكییە سیاسی و حزبیەكان دەخاتە لاوە و بەرژەوەندیى نیشتمانى هەڵدەبژێرێ، ئەوەیش بەلاى چاودێرانەوە بەوە لێك درایەوە كە ئاماژەیە بەوەى پشتگیرى لە مورسى دەكا.

لاى خۆیەوە ئەحمەد شەفیق راى گەیاند بەلایەوە ئاساییەوە حكوومەتێكى نوێ بە سەرۆكایەتیى ئیخوان موسلیمین پێك بێ.





(ئاكانیوز)
Top