ئەنگێلا مێركڵ بە سەردانێكی چاوەڕوان نەكراو گەیشتە ئەفغانستان

ئەنگێلا مێركڵ بە سەردانێكی چاوەڕوان نەكراو گەیشتە ئەفغانستان
ئەمڕۆ دووشەم ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بە سەردانێكى چاوەڕوان نەكراو گەیشتە ئەفغانستان و لە شاری مەزاری شەریف چاوى كەوت بە سەربازانى ئەڵمانیا كە بنكەی مانەوەیان لەو شارەیە، سەرچاوەیەك واى گوت.

سەرچاوەكە زیاتر گوتى، بڕیار بوو مێركڵ بچێتە شاری قوندز، بەڵام بەهۆى بەفر و خراپیى كەشوهەواوە سەردانەكەى بۆ ئەو شارە بە پاش درایەوە.

دوایین سەردانى مێركڵ بۆ ئەفغانستان كانوونى یەكەم/دیسێمبەری 2010 بوو، لەو كاتەی سەربازانى ئەڵمانیا خەریكى سازدانى ئاهەنگێكى گەورە بوون و مێركڵ لەو ئاهەنگە بەشداریی كرد، ئەمە چوارەمین سەردانى مێركڵە بۆ ئەففانستان دواى سەردانەكانى 2007، 2009 و 2010.

بەڵام وا بڕیارە لەم سەردانەیدا راوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی وڵاتەكەی كۆ بێتەوە و لە نێزیكەوە باس لە دۆخى سەربازەكان و ئەفغانستان بكەن، بەپێی هەمان سەرچاوە.

ژمارەى سەربازانى ئەڵمانیا لە ئەفغانستان 4900 سەربازە، هێزى سەربازیی ئەڵمانیایی لە پلەى سێیەمى دنیا دێتە هەژماركردن دواى ئەمەریكا و بەریتانیا، بەڵام بڕیار وایە تا ساڵى 2014 گشت سەربازەكان بگەڕێنەوە ئەڵمانیا و كۆتایی بە ئەركی سەربازی لە ئەفغانستان بێنن كە لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانان چوونەتە ئەو وڵاتە.
Top