پەیامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان: گۆڤاری گوڵان لە تەمەنی پڕ بەرهەمیدا، توانیویەتی وەک کاروانێکی ڕۆژنامەوانیی پێشەنگ، پێگەیەکی شایستە لە نێو میدیای کوردی بگرێت
بەبۆنەی تێپەڕپوونی 32 ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵان مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی ستاڤی گۆڤاری گوڵان كردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان: سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی گۆڤاری گوڵان
لە ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و خوێنەرانی هێژا دەکەین و دەستی ماندووبوونتان دەگوشین.
گۆڤاری گوڵان لە تەمەنی پڕ بەرهەمیدا، توانیویەتی وەک کاروانێکی ڕۆژنامەوانیی پێشەنگ، پێگەیەکی شایستە لە نێو میدیای کوردی و پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا بگرێت.
ئەم گۆڤارە بە پابەندبوونی بە ئیتیکی پیشەیی و پەیڕەوکردنی میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی، بووەتە ناوەندێکی گرنگی دیالۆگ بۆ شیکردنەوەی بابەتە ستراتیژییەکان. جێگەی دەستخۆشییە کە گۆڤاری گوڵان توانیویەتی سنوورە لۆکاڵییەکان ببڕێت و لە ڕێگەی ماڵپەڕ و سەکۆکانییەوە لە دیجیتاڵ میدیا، دیدگای سیاسەتمەدار و ئەکادیمیستانی جیهانی بۆ ناو کێشە هەنووکەییەکان ڕابکێشێت و بیروڕا جیاوازەکان ئاوێتە بکات.
جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆمان بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی زیاتری گۆڤاری گوڵان، دووپات دەکەینەوە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
