د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: گەشتیاری خەریكە دەبێتە فۆڕمێكی نوێی بەعەرەبكردن ئەگەر پێشی پێ نەگرین

د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     گەشتیاری خەریكە دەبێتە فۆڕمێكی نوێی بەعەرەبكردن ئەگەر پێشی پێ نەگرین

 

 

د.جەلال ئەحمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و كۆمەڵناسە و مامۆستایە لە زانكۆی سەڵاحەددین- هەولێر و لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (گەشتوگوزار. پردی پەیوەندیی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان»، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

گەشتیار وەك ڕەگەزێكی سەرەكی لە هێزێكی نەرم، كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هێنانەكایەی وێنایەكی زهنی سەبارەت بە شوێن و ئەو خەڵكانەی لەسەر ئەو شوێنە دەژین و، چۆن فۆڕمە ژیانێكیان ڕێك خستووە و، چەندە بەلای خەڵكانی دیكەوە سەرنجڕاكێشە. گەشتیاری وەك سۆفتپاوەر، هێندەی عاملێكی كاریگەرە بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ئەرێنی و ڕاكێشانی سەرنجی خەڵكانی بێگانە، هێندە نابێتە هۆی دروستكردنی ڕق و كێنە و پچڕانی پەیوەندیی نێوان گەل و نەتەوە جیاوازەكان، هەر بۆیەش لە چوارچێوەی كۆمەڵناسیی گەشتیاریدا، چەمكێك بەكار دەهێندرێت بە نێوی «گەشتیاریی كەلتووری» .

گەشتیاریی كەلتووری، واتا گەشتەكان هەر بە ئامانجی بینینی شوێنی قەشەنگ و هەڵمژینی هەوایەكی سازگار و چوونە سەر كەناری دەریاكان و بینینی دیمەنی دڵڕفێن نامێننەوە، بەڵكو ئامانج لێیان دەگۆڕێت و دەبنە ئامرازێكیش بۆ ئاشنابوون بە گەلانی دیكە و نزیكبوونەوە و تێكەڵبوون بە شارستانییەت، هونەر، كەلەپوور، مێژوو، دابونەریت، بیروباوەڕی كەلتوورە جیاوازەكان، دوای سەردانیكردنی مۆزەخانە، پیشانگە، ئەنتیكەخانە، شوێنەوارەكان، بەشداریكردن لە فێستیڤاڵە كەلەپوورییەكان، بۆ نیشاندانی بەرهەمی كارە دەستییەكان و ڕەسەنایەتی، كە ڕاستەوخۆ دەبنە مایەی كارلێك و دروستكردنی پەیوەندییەكی لێوانلێو لە ڕێزگرتن و شكۆمەندی. زۆر جار سەردانیكردن و بەشداریكردن لە چالاكییەكانی ئەو شوێنانە، وێنایەكی پێشوەختەی نەرێنی لای گەشتیار سەبارەت بە خەڵكی شوێنەكە، دەگۆڕن بە وێنایەكی ئەرێنی و گیانی لێبوردەیی و قبووڵكردنی جیاوازییەكان. هەرچەندە لێرە و لەوێ هەندێ دیمەنی نامۆ دەبینین، وەك هێرشكردنە سەر گەشتیارانی كورد لە توركیا بە پاساوی بەرزكردنەوەی ئاڵا.

هەندێك كەس گۆڕانی گەشتیاری بۆ گەشتیاریی كەلتووری، بە سیمایەكی پۆست مۆدێرنە دەزانن و، خەڵكی لەم سەردەمە، كە گەشت بۆ شوێنێك دەكەن، چێژ لە بینین و تاقیكردنەوەی شتە سەیر و سەمەرە و نامۆكان دەبینین و، بە سەردانیكردنی شوێنە مێژووییەكان و شوێنەوارەكان شاگەشكە دەبن. بە بینینی شێوازە ژیانێكی جیاواز لە هی خۆیان، تامكردنی خۆراكێكی جیاواز، ئەندازەی بیناسازی و، ڕابواردن و یارییە ناوچەیی و كەلەپوورییەكان، خواردنەوە و بینین و كڕینی كارە دەستی و بەرهەمە ڕەسەنەكان، كە مۆركی ناوچە، یان گەل و نەتەوەییەكیان بەسەرەوە بێت، لایەنی ڕۆحییان ئاسوودە دەبێت و دەیانەوێ كەلێنێك لە ماندوێتییان لە نەهامەتییەكانی ژیانی ئەم سەردەمەی پێ پڕ بكەنەوە. بۆیەش لە چوارچێوەی چەمكی گەشتیاریی كەلتووریدا، خەڵكی بەسەر دوو پۆلدا پۆلێن دەكرێن: گەشتیاریی كەلتووری تایبەتمەند، كە ئەو كەسانەن بە شێوەیەكی بەردەوام سەردانی چەند وڵات، هەرێم و شارێك دەكەن، بە ئامانجی ئاشنابوون بە شوێن و كەلتوورە جیاوازەكان، جا چ بۆ مەبەستی زانستی بێت، یان بەشداریكردن لە فیستیڤاڵە كەلتووری و نەتەوەییەكان، بە نموونە ساڵانە كەسانێك لە وڵاتانی دەیكەوە نەورۆزان سەردانی شاری ئاكرێ دەكەن، دێنە هەڵەبجەش لەبەر خاتری هەنار و ڕوبەهەنار. هەرچی گەشتیاری گشتیین، ئەو كەسانەن، كە سەرەتا گەشت بۆ چەندین شوێنی جیاواز دەكەن و، لەگەڵ ڕۆیشتنی كات و زیادبوونی شارەزاییان لەبارەی كەلتووری ئەو شوێنانەی گەشتیان بۆی كردووە، دواجار دەبنە گەشتیاری كەلتووریی تایبەتمەند و، لەوە بە دواوە زیاتر سەردانی ئەو شوێنانە دەكەنەوە، كە بەلایانەوە سەرنجڕاكێش بوون.

بۆیەش من هێندە لەگەڵ بە براندكردنی شوێنە گەشتیارییەكان، یان دروستكردنی شوێنی گەشتیاریی وەها نیم كە براندی گەشتیاری جیهانی بن لە شێوەی دروستكردنی كۆڕنیشی گەشتیاری و دروستكردنی هۆتێل و شاری یاری لەسەر شێوەی براندە جیهانییەكان، لەبەر ئەوەی ئەمانە لە زۆربەی وڵات و هەرێمەكاندا هەن، لەبری ئەوە دەبێ هەوڵ بدرێ شوناسێكی تایبەت بۆ گەشتیاری لە هەرێمدا دروست بكەین، ئەویش لە ڕێگەی بە بەرداكردنی بەرگێكی كەلەپوور و ڕەسەنایەتی بە بەر شوێنە گەشتیارییەكان و هەموو ئەو شوێنانەی سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشن. بۆ نموونە دروستكردنی گوندی گەشتیاریی وەها، كە ڕەسەنایەتی و كەلەپووری كوردەوارییان پێوە دیار بێت، لەسەر شێوەی گوندەكانمان لە كۆندا، تەنانەت خاوەن كار و كارمەند و خزمەتگوزار و ڕێبەرانی گەشتیاری، بە جلوبەرگی ڕەسەنی ناوچەكەوە خەریكی وەبەرهێنانی گەشتیاری بن، خۆی هێزی نەرمی گەشتیاری لەوەدا بەرجەستە دەبێت، چونكە ئەگەر زۆر وریا نەبین، گەشتیاریی كەلتووری مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ڕەسەنایەتی و شوناسی كەلتووری و نەتەوەییمان، ئیستا ئەمە زۆر بە ئاسانی لە شوێنە گەشتیارییەكاندا هەستی پێ دەكرێت، كە تابلۆی ڕێنماییەكان و نرخ و ناوی شوێنەكانیش، یەكەمجار بە زمانی عەرەبی، ئینجا كوردی نووسراون و، هەر كە پێش دەنێیە هەر شوێنێك، یەكسەر بە عەرەبی سڵاوت لێ دەكەن و بە عەرەبی وەسەر زمان دەگەڕێن و بە ڕووتدا دەگەشێنەوە، هەندێكیشیان بەداخەوە، كە دەزانن كوردی و چەور نیت، مڕومۆچی ڕوویان دادەپۆشێت، بە دەگمەنیش نابینی یەكێكیان جلوبەرگێكی ڕەسەنی لەبەردا بێت. ئا بەو جۆرە، هێزی نەرمی گەشتیاریی هەرێم لە كوێ بەرجەستە دەبێت؟ گەشتیاری خەریكە دەبێتە فۆڕمێكی نوێی بەعەرەبكردن ئەگەر پێشی پێ نەگرین.

كەواتە، دەبێ چی بكەین بۆ ئەوەی شوناسێكی ناوچەیی بۆ گەشتیاریمان دروست بكەین و بیكەین بە هێزێكی نەرم بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ڕەسەنایەتی و شوناسی كەلتووریمان؟

بەر لە هەموو شتێك دەبێ گەشتیاری ڕێك بخرێت و لە بێسەروبەری و چنگی كەرتی بە نێو تایبەت و شەخسی ڕزگار بكرێت، كە زۆر جار ئیستیغلالكردنێكی زۆری تێدایە، كەسانێك تەنیا بۆ كەڵەكەكردنی سەرمایە و گەرمكردنی گیرفانی خۆیان، پێشێلی هەموو تایبەتمەندییە كەلتووریییەكان دەكەن. لە شوێنێكی وەك شەقڵاوە و چەند گوندێك، خەڵكی فێری بە كرێدانی خانوو بە گەشتیاران بوون، كە ئەو گەشتیارانە ژیانی دانیشتووانی دیكەی گوندەكانیان هەراسان كردووە بە دەنگی بەرزی خۆیان و ئامێرەكانیان و ئەنجامدانی هەندێ ئەتواری نامۆ بە كەلتوورمان. هێندەی لە شوێنە گەشتیارییەكاندا دەبكەی عەرەبی دەبیستی و گوێچكەكانت خەریكە دەتەقن، گوێبیستی مەزهەری خالقی و هانی و چۆپی و فاتێ نابیت. ئێمە هێندەی بۆ بڕێك پارە ئامانجمانە كابرای عەرەب لە خۆمان ڕازی بكەین، لە خەمی ئەوەدا نین پێی بڵێین ئەوە ئێمەین و بمانناسن. لە كام شوێندا دارجگەرە و تووتنی كوردەواریمان داناوە، وایان لێ بكەین تاقی بكەنەوە و بیكڕن تا وەك نموونە و شوناسێكی كوردەواری و یادگاری لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە، لەبری ئەوە شوێنەكانمان بۆ پڕ كردوون لە نێرگەلە و دووكەڵ و بۆنی نێرگەلە، گەڵای درەختەكانی ئەو شوێنەشیان تەنگەتاو كردووە. ئەمانە و چەندان دیمەنی نامۆ بە كەلتوور و زهنییەتی كوردانەمان لە شوێنە گەشتیارییەكان، گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی وا لێ كردووە نەوێرێت گەشت و سەیرانێك بكات. بۆیە دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر خەت و بكەونە خۆیان بە ڕێكخستنی كەرتی گەشتوگوزار و لە تەنیا گیرفاندۆستییەوە، بیكەن بە وێستگەیەك بۆ پاراستن و ناساندنی كەلتوور و شوناسمان بە دەرەوە.

 

Top