بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل لە غەززە
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 تەرمی نوێش لە ناوچە جیاجیاکانی ناوچەکە دۆزراونەتەوە.
کەناڵی جەزیرە رۆژی شهممه 1ی تشرینی دووەمی 2025 بە پشتبەستن بە وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧ تەرمی نوێش لە ناوچە جیاجیاکانی ناوچەکە دۆزراونەتەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی هێرشە دڕندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٦٨ هەزار و ٨٥٨ کوژراو و ١٧٠ هەزار و ٦٦٤ بریندار.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە هێشتا ژمارەیەک قوربانی لە ژێر داروپەردوو و لەسەر شەقامەکان گیریان خواردووە، بەو پێیەی هێشتا تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە دەستیان پێ بگات.
سەرەڕای ئاگربەستەکە کە لە ١١ی ئۆکتۆبەر ڕاگەیەندرا، لەو کاتەوە لانیکەم ٢٢٦ فەلەستینی لە هێرشەکاندا کوژراون و ٥٩٤ کەسیش بریندار بوون و ٤٩٩ تەرم لە ژێرداروپەردووەکان دەرهێندراون.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل دوێنێ ناوچەی شوجاعییە و تەفاحی لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد.
گوڵان: سەردار خەلیل
