فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ی ئەمریکا بۆ مەشقی هاوبەش ڕەوانەی کۆریای باشوور کران
سوپای ئەمەریکا فڕۆکە جەنگییەکانیF-35 ی خۆی بۆ نیمچە دوورگەی کۆریا جێگیر کرد لە چوارچێوەی مانۆڕەکانی هاوینە لەگەڵ کۆریای باشوور.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ ڕایگەیاند: مانۆڕی ساڵانەی "قەڵغانی ئازادی ئولچی" کە ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەیی بەرگری هاوبەشە لە نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکوور، بەردەوامە.
بە گوتەی بەرپرسێکی هێزەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی مەشقی هێزی هاوبەش (UFS)، 10 فڕۆکەی جەنگی F-35 بەشێوەیەکی کاتی بۆ بنکەی ئاسمانی گونسان لە باشووری سیئۆل جێگیر کراون.
ئەو فڕۆکانەی کە بۆ هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەمریکا دەستنیشانکراون، تیشک دەخەنە سەر مانۆڕەکانی بەرگری ئاسمانی و زیادکردنی ئامادەیی هاوبەش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان لە ناوچەکەدا.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ئەو مانۆڕەی کە بڕیارە تا ٢٨ی ئاب بەردەوام بێت، بە هەڵوێستێکی دوژمنکارانە لە دژی وڵاتەکەی ناوبرد و هۆشداریشی دا لەو مانۆڕانە.
گوڵان: سەردار خەلیل
