بەیاننامەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم کاتە گرنگەدا

بەیاننامەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم کاتە گرنگەدا

ئێمە وەک سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کوردستانی عێراق، ناڕەزایی توندی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە بڕیاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختەدا، کە لە پێشوازی جەژنی قوربانداین، کە بڕیارە بۆنەیەک بێت بۆ خۆشی و ئاسوودەیی نەک دڵەڕاوکێ و ئازار.
ئەم ڕێوشوێنە نادادپەروەرانە و نادەستوورییە تارماییەکی قورس دەخاتە سەر ژیانی هەزاران خێزان کە پشت بەو مووچە دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیانی ژیانییان. بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە مافی دارایی ڕەوایان لەم ڕۆژە پڕ خێر و بەرەکەتەدا جگە لە بێبایەخ کردنی ئازارەکانیان و ڕەچاونەکردنی بارودۆخی مرۆڤدۆستانەیان هیچی تر نییە.
داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەین کە چارەسەرێکی بەپەلە بدۆزنەوە کە ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێنرێتەوە و گەرەنتی بدات کە ئەو جۆرە ڕێوشوێنە ئارەزوومەندانەیە لەلایەن حکومەتی بەغداوە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری نابێت بکەوێتە ژێر دانوستان یان دواکەوتن؛ چونکە مافێکی بنەڕەتی هەموو هاوڵاتییەکە.
ئێمە (حکومەتی فیدراڵی) بە بەرپرسیاری سەرەکی لە ئەم بڕیارە نامرۆڤانەیە دەزانین، کە ڕەنگدانەوەیە بۆ نەبوونی دادپەروەری و شکستهێنانە لە بەرزڕاگرتنی مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیان لە هەرێمدا.
ئێمە داوا دەکەین دەستبەجێ کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی مووچە بەبێ هیچ دواکەوتن و خۆدزینەوەیەک، لە هەمانکاتدا چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بۆ دڵنیابوون لەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
هەوڵەکان بۆ سەپاندنی فشاری سیاسی لەسەر حیسابی بژێوی هاووڵاتیان بۆیەکلاکردنەوی کێشەکان ڕەت دەکرێنەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم کردارانە لە داواکردنی مافە ڕەواکانمان دوورمان ناخاتەوە. ئێمە بە یەکگرتوویی لەبەرامبەر ئەو بڕیارە ناڕەوایانەدا دەوەستینەوە و داوا دەکەین بەپەلە چاو بەم بڕیارە بخشێندرێتەوە، بۆ پاراستنی کەرامەتی هاووڵاتیان و ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکامیان لە ژیانێکی شایستە.

Top