لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دەیان کەس کوژران و بریندار بوون
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، ژمارەیەک فەلەستینی لە کەرتی غەززە کە لە هەوڵی وەرگرتنی یارمەتییە مرۆییەکان بوون لە ناوەندێکی دابەشکردن، گوللەباران کران.
ئەم ڕووداوە بووە هۆی کوژرانی ٢١ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس، حەماس ئیدیعای کرد کە هێرشی ئیسرائیلە، بەڵام تا ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی نەداوە.
ناوەندی دابەشکردنی خۆراکی دامەزراوەی هاوکاری مرۆیی غەززە تازە دەستی بە کارەکانی کردووە لە کەرتی غەززە.
هیواکان بۆ ئاگربەستی نزیک لە شەڕی زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە نێوان ئیسرائیل و حەماس تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ڕووداوەکە لەناوچووبوو.
لە وەڵامی پێشنیارێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی کاتی بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، حەماس ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادکردنی هەندێک بارمتە بەڵام لە بەرامبەردا مەرجی دیکەی خستەڕوو.
هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی حەماسیان بە قبوڵنەکراو لەقەڵەمدا.
گوڵان: سەردار خەلیل
