ئاگرێکی بەرفراوان لە شاخەکانی قودس کەوتەوە

ئاگرێکی بەرفراوان لە شاخەکانی قودس کەوتەوە

  

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە چیاکانی قودس ، چەندین ڕێگەی گواستنەوە داخران.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 30ی نیسان بڵاویکردەوە، دوای ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە قودس، چەندین ڕێگای گواستنەوە داخراون و دانیشتوانی پێنج ناوچە ماڵەكانیان بەجێ هێشتووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئاگرە لە دارستانەکانی "ئیشتول" دەستیپێکرد و تا ئێستاش بۆ پێنج ناوچەی ئەو وڵاتە تەشەنەی کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی « تایمز ئۆف ئیسرائیل »، دوای ئاگرکەوتنەوەکە، دانیشتوانی ناوچەکانی «نۆڤێ شالۆم»، «بێکۆا»، «تاعوز»، «نەخشۆن»  چۆڵکراون، هەروەها داوا لە هاووڵاتییان كراوە کە ئامادەبن بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی دیکە.

هەروەها ئاگرەکە بووەتە هۆی داخستنی چەندین ڕێگای گواستنەوە، لەوانە ڕێگای سەرەکی بۆ ئۆرشەلیم.

دەزگای ئاگرکوژێنەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ٦٣ تیمی ئاگرکوژێنەوە و ١١ فڕۆکە هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی ئاگرەکەبكەن.

هەروەها لە ئەنجامی ئەم ئاگرکەوتنەوە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top