نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە پێنج هەزار ئەفغانی لە ڕێگاکانی کۆچکردندا گیانیان لەدەستداوە

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە پێنج هەزار ئەفغانی لە ڕێگاکانی کۆچکردندا گیانیان لەدەستداوە

 

 

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە گیانلەدەستدانی پێنج هەزار و ٦٤ ئەفغانی لەسەر ڕێگاکانی کۆچکردن لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەکات، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، كە دوای پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا هەزاران کەس لە کاتی هەڵاتنیان لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاندووە، کە بە گشتی لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس لە کاتی هەڵاتن لە وڵاتانی قەیراناوی گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە 54٪ی ئەو مردنانە لەو وڵاتانە یان لە نزیک ئەو وڵاتانەدا ڕوویانداوە کە بەهۆی قەیران یان کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە؛ وەک ئەفغانستان و میانمار كە تۆمار کراوە.

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، زیاتر لە سێ هەزار و 100 کەسی ڕۆهینگیا لە میانماریش لەو ماوەیەدا لە کاتی هەڵاتنیان لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەو کەسانە یان لە بەلەمەکاندا خنکاون یان لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ بەنگلادیش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی ئەم ڕێکخراوە، مردنی کۆچبەران بەدرێژایی ڕێگاکانی کۆچکردن لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٢%ی هەموو مردنەکانی کۆچبەران لە سەرانسەری جیهاندا پێکدەهێنێت.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top