ئەمریکا پەرە بە پیشەسازی ئەتۆمی سعودیە دەدات

ئەمریکا پەرە بە پیشەسازی ئەتۆمی سعودیە دەدات

 

میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ئەمەریکا و سعودیە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی ئەتۆمی سعودیە واژۆ دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی یەکشەممە 13ی نیسانی 2025 لە زاری وەزیری وزەی ئەمەریکا کریس رایت بڵاویکردەوە، کە ئەمەریکا و سعودیە ڕێكکەوتنێکی سەرەتایی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی ئەتۆمی سعودیە واژۆ دەکەن.

وەزیری وزەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزەی سعودیە عەبدولعەزیز بن سەلمان لە ریاز بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ڕێگان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی سعودیە.

وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وردەکاری زیاتری ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ ڕادەگەیەنرێت.

ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری وزەی ئەمریکایە بۆ عەرەبستان و بەشێک لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە لە کەنداوی فارس.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕێککەوتنەکە لەگەڵ سعودیە لەسەر بنەمای بەشی 123ی یاسای وزەی ئەتۆمی ئەمریکا دەبێت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی فراوانتر دەکات، بەڵام محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئەوا ئەو وڵاتە هەنگاوێکی هاوشێوە دەگرێتەبەر.

ئەم لێدوانانە نیگەرانی لایەنگرانی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی و ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمریکای سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و سعودیە وروژاند.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top