بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆریای باشوور ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆریای باشوور ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا

 

دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوانی دارستانەکان لە کۆریای باشوور، سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە تا ئێستا ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

دوابەدوای سەرهەڵدانی چەندین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان لە سەرانسەری ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆریای باشوور، سەرچاوەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئادار ڕایانگەیاند: کە لانیکەم ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران ئاگرکوژێنەوە بە هاوکاری سوپای ئەو وڵاتە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن.

سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، كە ئەم ئاگرکەوتنەوانە یەکێکە لە خراپترین ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی وڵات لەماوەی دەیان ساڵدا.

حکومەتی کۆریای باشوور هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئاگرکەوتنەوە بە خێرایی تەشەنەی کردووە و زیاتر لە ٢٧ هەزار دانیشتووی ئەو وڵاتە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن..

ئاگرەکە بەهۆی بای بەهێز و کەشو هەوای وشکەساڵی، تەواوی ناوچەكەی وێران کردووە و دەسەڵاتدارانی ناچارکردووە پشووی قوتابخانەکان رابگەیێنن و سەدان زیندانی لە بەندیخانەکان بگوازنەوە.

هان داک سوو؛ سەرۆکی کۆریای باشوور گوتی: ئێمە هەموو کارمەندان و کەرەستەی بەردەستمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خراپترین ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان جێگیر دەکەین، بەڵام دۆخەکە باش نییە. "سوپای ئەمریکاش لە کۆریای باشوور بۆ كۆنتڕۆڵی ئاگرەكە هاوکاری دەکات".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ، تا کاتژمێر ٥ی بەیانی ، ١٤ کەس لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە لە شاری یۆسیۆنگ دەستیپێکردووە؛ لە کاتێکدا چوار کەسی دیکەش بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکە لە شاری سانچۆنگ گیانیان لەدەستداوە.

سۆن چانگ هۆ، بەرپرسێکی پۆلیسی ناوچەکە دەڵێت، زۆرێک لەو کەسانەی کوژراون تەمەنیان لە نێوان 60 و 70 ساڵیدا بوون.

لی بیونگ دۆ؛ پسپۆڕی ڕووداوەکانی سروشت و دارستان لە پەیمانگای نیشتمانی زانستی دارستان لە کۆریای باشوور دەڵێت: ئاگرەکەی ئوسیۆنگ کە تەنها لەسەدا ٦٨ کۆنتڕۆڵ کراوە بەهۆی بای بەهێزەوە توندتر دەبێتەوە، قەبارە و خێراییەکی خەیاڵنەکراو نیشان دەدات."

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ئەمنی، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بارودۆخی وشکەساڵی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوام بێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top