سیئۆل: کۆریای باکوور هێزی زیاتری ڕەوانەی ڕووسیا کرد

سیئۆل: کۆریای باکوور هێزی زیاتری ڕەوانەی ڕووسیا کرد

 

کۆریای باشوور ڕایگەیاند: کە کۆریای باکوور هێزی زیاتری ڕەوانەی ڕووسیا کردووە و بەشێکیشی بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە ناوچەی کورسکی هاوسنووری ئۆکرانیا جێگیر کردووە.

میدیاکانی کۆریای باشوور ڕۆژی پێنجشەممە لە زاری دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە کە کۆریای باکوور هێزی زیاتری ڕەوانەی ڕووسیا کردووە بۆ شەڕکردن لە دژی سوپای ئۆکرانیا.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە، هێزی نوێش ڕەوانەی هەرێمی کورسکی ڕووسیا کراون.

دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوور تا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.

ڕێکخراوەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیدیعای کردبوو کە کۆریای باکوور لە چوارچێوەی پەیمانی بەرگری لەگەڵ مۆسکۆ نزیکەی ١١ هەزار سەربازی ناردووە بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای ڕووسیا لە دژی سوپای ئۆکرانیا.

بەگوێرەی لێدوانی ئۆکرانیا و ئەمریکا و کۆریای باشوور، ئەم هێزانە لە هەرێمی کورسک جێگیرکراون بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە خاکی ڕووسیا.

هەروەها شارەزایانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا باس لەوە دەکەن کە سوپای ڕووسیا لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا چەکی دروستکراوی کۆریای باکوور بەکاردەهێنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئارادایە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top