دیاری و خەڵات لە ڕەمەزاندا پێشكەش بكە
ڕەمەزان، مانگی خێر و بەرەكەت و خۆشییە، كە پێویستە لەگەڵ ئەو مانگەدا جگە لە بەڕۆژووبوون و خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، هەروەها پێویستە دڵێكی ئارام و هەستێكی خۆشت هەبێت، لە هاوكاری و یارمەتیدانی كەسانی كەمدەرامەت، چ بە خواردن بێت یان هاوكاریی ماددی و پێدانی كەرەستە، كەموكورتی نەكەیت، سەرەتا لە كەسانی دەوروبەری خۆتەوە دەست پێبكە، بزانە كامەی پێویستی بە هاوكارییە، پاشان دراوسێ و دواتر كەسانی دوورتر، دوای ئەوە هەوڵی پێشكەشكردنی دیاری و خەڵاتی جۆراوجۆر بە كەسانی ئاسایی بدە، بە تایبەت ئەوانەی كە خۆشەویستن و هاوبەشی ژیان و ئەندامانی ماڵ و هاوڕێ و كەسانی شایستەن، بۆیە ئەو مانگە بكەنە مانگی لێبوردن و خۆشی و بەختەوەری، بە دیاری و خەڵاتی جوان دڵی یەكتر شاد بكەنەوە، یان ئەوانەی پێشتر كێشە و گرفتیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت، هەوڵ بدەن ڕۆژانە بەر لە بەربانگ خواردنی زیاتر بكەن بینێرن بۆ دراوسێ یان ئەوانەی ژیانیان باش نییە، هەروەها ئەگەر پارەی زیاد لە توانای خۆت هەبوو، بەو كەسانەی بدە كە پێویستیانە، هەروەها كەسێكی بەرزبە و دیاریی جۆراوجۆر ببەخشە، سەرەتا جوانترین دیاری بریتییە لە قورئانی پیرۆز، كە دەتوانیت پێشكەشی مزگەوت و خەڵكی بكەیت، دواتر تەسبیح و ملوانكە و دەسبەندی جۆراوجۆر كە گوزارشت لە ئایین و مانگی ڕەمەزان دەكات، هەروەها كتێب و نامیلكە و كارتی جوان پێشكەش بكەن، بۆن وبەرامیش لە بیر مەكە كە جوانترین دیاریین لەم مانگەدا، كەلوپەلەكانیش دەكرێنە دیاری و خەڵات، دەتوانیت وردە خشڵ و كەرەستەی جوانكارییش بە دیاری بە كەسێك بدەیت، جلوبەرگ وەك ڕەفتە و یان جلی دیكەی تایبەت، هەروەها ئەو جلانەی خۆت كە بۆت ناگونجێت، بیبەخشە.
