ئەنجومەنی باڵای فەتوا ڕێنمایی تایبەت بە جەژن ڕادەگەیەنێت
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەو پێیەی ئەگەری ئەوە هەیە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بکەوێتە رۆژی هەینیەوە، لەسەر موسڵمانان پێویستە ئەو بابەتە نەکەن بەدەنگە دەنگ و ئاژاوە و کێشە، پێویستە نوێژی هەینیش، هاوشێوەی نوێژی جەژن ئەنجامبدەن، چونکە هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەرئەوەی کە نوێژی هەینی ئەنجام نەدرێت.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: بەوپێیەی ئەگەری ئەوە هەیە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بکەوێتە رۆژی هەینی، هەر کاتێ جەژن و جومعە کۆبونەوە لە یەک ڕۆژدا، ئەگەر خەڵکەکە جەژنیان کرد بە کۆمەڵ، ئەوە دەربارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی، لای جمهوری زانایانی ئیسلام، بەتایبەتی هەرسێ مەزەبی (حەنەفی و شافیعی و مالیکی)و زاهیریەکانیش پێیانوایە، بە هیچ شێوەیەک نوێژی جەژن، شوێنی نوێژی هەینی ناگرێتەوە و نوێژی هەینیش شوێنی نوێژی جەژن ناگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە: ئەگەر ئەو فەرمودەیەی باس لەڕێگەدان و جائیزبوونی ئەنجامنەدانی نوێژی هەینی دەکات لەرۆژی جەژ صەحیحیش بێت؛ ئەوە تایبەت بووە بەو گوند و شوێنە دوورانەی مزگەوتیان نیە، یان وتاری هەینیان نیە، یان ئەو موسافیرانەی لەگوندەکانەوە هاتوون بۆ شار و ویستویانە بگەڕێنەوە و پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆ ئاسانکاری و قوڕس نەبوونی ئەرکی سەرشانیان وای پێفەرموون.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە: وەک ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، داوا دەکەین بە هیچ شێوەیەک ئەوە نەکرێتە مایەی دەنگە دەنگ و ئاژاوە و قسە و قسەلۆک و دروستکردنی رارایی و کێشە نانەوە لەناو موسڵمانان، باشتروایە موسڵمانان بۆ دەرچوون لە خیلاف و را جیاوازی، بەشداری نوێژی هەینی بکەن، چونکە ئەو کاتی لەجیاتی پەناربردن بۆ روخسەت، دەستگرتنە بە عەزیمەت و رۆیشتنە لەسەر رای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی، لە خیلافیش چوونەتە دەر، بەتایبەتتر کە ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکدەنگی و خۆشەویستی و تەباییە.
ئەنجومەنی باڵای فەتوای دەشڵێ: داوامان وایە، کە هەموو ئەو موسڵمانانەی دەتوانن بەشداری نوێژ بکەن و هیچ بەهانەیەکی شەرعیان نییە، با ئامادەی مەڕاسیمی نوێژی جەژن و نوێژی هەینی بن، کە بەلایەنی کەمەوە ڕۆشتن و دەستگرتنە بە ڕای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی.
تەواوەی بابەتەکە لەم لینکەی خوارەوە دەست دەکوێت .
https://zanayan.org/t_detail.php?section=2&id=26483
::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان (۲۰۲۳/٤/۱٥)
