عەبدولقادر برادۆستی سەرۆكی شارەوانیی قەزای سیدەكان : له ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی بارزانیی نەمردا هەڵمەتێكی چاندنی نەمامیان لە دووسایدی سەرەكیی قەزای سیدەكان بەڕێوە برد.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سیدەكان، بە بەشداریی دامودەزگاكانی سنوورەكە و چالاكانی ژینگەپارێز، لە ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی بارزانیی نەمردا هەڵمەتێكی چاندنی نەمامیان لە دووسایدی سەرەكیی قەزای سیدەكان بەڕێوە برد.
عەبدولقادر حاجی ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی قەزای سیدەكان لە ئیدارەی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٢/٢٨ بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای سیدەكان و بەرپرسانی ئیداری و حزبی و سەربازی و ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و لاوان و قوتابییان و ڕێكخراوەكان و چالاكانی بواری ژینگە بە بۆنەی یەكی ئادار، 44مین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر، هەڵمەتێكی نەمامچاندنمان بەڕێوە برد.''
گوتیشی: ''لە هەڵمەتەكەدا لە دووسایدی شەقامی سەرەكیی سیدەكان بە درێژایی یەك كیلۆمەتر نەماممان چاند، هەم بۆ جوانكردنی سیمای شار و هەم بۆ زیادكردنی سەوزایی لە دەڤەرەكە و، دابینكردنی خەرجییەكەیشی لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو.''
