دوای جەژنی قوربان پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان خەرج دەكرێت
لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بڕیارە ئەو پارەیەی بۆ گەنمی جووتیاران تەرخانکراوە دواى جەژن بەسەریاندا دابەشبکرێت نەوزاد كامیل ئاماژەشی بەوە كرد كە بڕی ٣٥ ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیاران خەرج کراوە، هاوكات بڕی ٦٨ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دیناری دیکەش خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت میكانیزمی شێوازو چۆنێتیی دابەشکردنی ئەو پارەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕوونی كردەوە كە بڕی ٣٢ ملیار و٦٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ٢٢ ملیار دیناری بۆ هەولێر و ١٤ ملیار دینارەکەی دیکەش بۆ دهۆک خەرج دەکرێت.
دەربارەی ئەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە سایلۆكان وەرگیراوە جەختی لەوە كردەوە كە تاوەکو ئێستا پتر لە 225 هەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و بەپێی پێشبینییەكانیش ئەو بڕە گەنمەی كە لە ڕۆژانی داهاتوودا وەردەگیرێت دەگاتە ٢٥٠هەزار تەن، ئاماژەشی بەوە كرد كە میكانیزمی وەرگرتن زۆر بە ڕێكوپێكی بەڕێوەدەچێت لە سەرجەم سایلۆكانی هەرێم.
