دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی کەرکووک بەهۆی داعشەوە ناوچەکانیان چۆڵدەکەن

دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی کەرکووک بەهۆی داعشەوە ناوچەکانیان چۆڵدەکەن


دەرکەوتنی شەوانەی چەکدارانی داعش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتووانی 15 گوندی ناوچەی شێخ بزێنیی کەرکووک.

دەشتی کە دوای رووخانی سەدام گەڕابووەوە گوندی دەرماناو، لەو کاتەوەی چەکدارەکانی بینیوە، شەو بنەماڵەکەی دەباتە شارۆچکەی تەقتەق. ئێستا کە گەڕاوەتەوە و زانیویەتی داعش چوونەتە ماڵەکەی، بڕیاری رۆیشتنی تەواوەتیی داوە.

دەشتی ستار، دانیشتووی گوندی دەرماناوی شێخ بزێنییە و دەڵێت، "ئێمە چەکدارەکانمان لەم شوێنەدا بینی و یەکێکیان خۆی نیشان دەدا. منیش ماڵ و منداڵم هەڵگرت. بەیانی هاتینەوە ئاژەڵەکانم دەربکەم، بینیم دوو بەتانی و هەندێک خواردنیان بردبوو و رۆیشتبوون. دوو رۆژ دواتر هاتنە پەڵکانە. شەو لای ئێوارە خۆی نیشاندابوو، سەگەکانم پێیان دەوەڕین. ئیتر ئەو دوو رۆژە سەگەکانم دیار نەماون، ئێمە وا ماڵ باردەکەین و دەڕۆین."

هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیریدان بۆ سنوورەکە. لەو کاتە ، هەواڵیان پێدرا کە چەکدارەکان دەرکەوتوونەتەوە. دەستیان بە کێوماڵکردنی ناوچەکە کرد و لە دۆڵ و نشێوی کەناری زێی بچووکدا بە شوێن حەشارگەکەیاندا گەڕان.

ئاسۆ سوور، فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە و خەڵکی سنوورەکەیە و دەڵێت، "هەتا ئێستا چەند مۆڵگەیەکیانم دۆزیوەتەوە. پێم وانییە بتوانن لە دەستمان دەربچن، بەڵام هەڵمەتی دەوێت. خوای گەورە هاوکارمان بێت و خەڵکەکە یارمەتیدەر بن و جێی نەهێڵن. ئەوەتا ئێمە هاتووین پاسەوانی دەکەین."

لەدوای شەهیدکردنی سێ گەنجی کورد و بڵاوکردنەوەکەی وێنەکانیان لەلایەن داعشەوە، خەڵکی ئەو ناوچەیە چاوکراوەترن، چاودێریی هەر جموجووڵێکی نامۆ و خەڵکی نەناسراو دەکەن، بەڵام ئەمە بۆ ئەوان چارەسەری بنەڕەتی نییە کاتێک زۆربەیان کاسبکار و جووتیار و ئاژەڵدارن.

کامەران عەلی، دانیشتووی گوندی دەرماناوی شێخ بزێنییە و دەڵێت، "شەوان تا بەیانی پاسەوانی دەکەین. رۆژگار دێین بەمجۆرە کار دەکەین ... هیچ چارەیەکمان نییە. ئێمە دەمانەوێت هێزێکمان بۆ بێت. ئەگەر هێزێک نەیەت ژیانێکمان لێرە نامێنێت."

ئاسۆ یاسین، خەڵکی گوندی مەرزیخە و دەڵێت، "لە ترسدا رۆیشتوون و چۆڵی دەکەن. پێشتر خەڵک بۆ خۆی هاتوونەتەوە ناوچەکە نەک ئەوەی حکومەت خزمەتی کردبن."

تائێستا دەیان سەر ئاژەڵی خەڵکی گوندەکانی ناوچەی شێخ بزێنی لە باکووری پارێزگای کەرکووک ونبوون، خەڵکی ئەوێ گومان دەکەن چەکدارەکان ئاژەڵەکانیان دزی بن و لەنێو دۆڵ و نشێوی سنوورەکەدا خۆیان مەڵاس دابێت و دوای تێربوونیان پەلاماری گوندەکانیان بدەن.
rudaw-
Top