یەکێک لەو کەسانەی تەقەی لە کافتریاکەی هەولێر کرد: تەقەم نەکردایە، ئەوان تەقەیان دەکرد

یەکێک لەو کەسانەی تەقەی لە کافتریاکەی هەولێر کرد: تەقەم نەکردایە، ئەوان تەقەیان دەکرد
بەرەبەیانی رۆژی هەینیی رابردوو پێنج کەس بە چەکەوە هێرشدەکەنە سەر کافتریایەک لە هەولێر، بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری هێرشەکە سەردانی کافتریاکەی کرد، خاوەنی کافتریاکە باسی هێرشی چەکدارەکانی کرد و گوتی، چوار کەس بە دەمانچە و یەکێکیش بە کڵاشینکۆڤەوە داوای پارەیان لێکردووە.

بە گوتەی خاوەنی کافتریاکە، دوای ئەوەی داوای چەکدارەکانی رەتکردووەتەوە، چەکدارەکان زیاتر لە حەوت گوللـەیان لەناو کافتریاکە تەقاندووە، بەجۆرێک سێ گوللـەیان بەڕووی خاوەن کافتریاکە بووە کە بەهۆیەوە قاچێکی برینداربووە، دواتر بە دەمانچەش سەریان شکاندووە.

حەیدەر ساڵح، خاوەنی کافتریاکە دەڵێت "چەند کەسێک بە جلی خاکییەوە هاتن، وامزانی لایەنێکی ئەمنین، یەکێکیان گوتی ئێمە بەرپرسی ئەم ناوچەیەین، ئاگامان لێتانە و دەبێت شتمان پێبدەن.. تەقەیان بە ئاسماندا دەکرد، فیشەکێکیش بەر قاچم کەوت و چەند زەربەیەکیشیان لە سەرم دا".

حەیدەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە جاری یەکەم نییە ئەو چەکدارانە هەڵدەکوتنە سەر کافتریا و رێستۆرانتەکان، بەجۆرێک لە چەند رۆژی رابردوودا هاتوونەتە سەر کافتریاکەی تەنیشت ئەو، پارە و مۆبایلیان وەرگرتووە و دواتر رۆیشتوون.

حەیدەر سکاڵای لەسەر چەکدارەکان تۆمارکردووە و پۆلیسی هەولێر دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و لە هەوڵی دەستگیرکردنی چەکدارەکاندایە.

رێکەوت خەیلانی، یەکێک لە هێرشکارەکان لە بەرنامەی بەرپرسیار بە تەلەفۆن بەشداریی کرد و گوتی "کاک حەیدەر لە ژوورەوە برینداربووە و من لێمدا، ئەگەر لێمنەدایە ئەوان لێیان دەداین".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر دەڵێت "لە ماوەی چەند مانگی رابردوو تێبینیمان کردووە، هەر رووداوێکی وا روویدابێت بەزووترین کات کەسەکان دەستگیرکراون و رادەستی دادگا کراون، ئەو رووداوەش لە یەکێک لە کافتریاکانی نزیک شارۆچکەی عەنکاوە روویداوە و ئێستا ئاسایش و پۆلیسی هەولێر خەریکی لێکۆڵینەوەن و هەوڵدەدەن بکەرانی بدۆزنەوە و بیاندەنە دادگا".

کەمتر لە هەفتەیەکە ئەمە سێیەم رووداوی هەڵکوتانی بەچەکە لە هەولێر، ئەگەرچی وەزارەتی ناوخۆ لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەتدایە، بەڵام خەریکە چەک هەڵگرتن و ئەو رووداوانەی چەکیان تێدا بەکاردەهێنرێت لە حاڵەتەوە دەبنە دیاردە.

rudaw -
Top