دایک و باوک و کوڕێک لە 10 رۆژ دا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

دایک و باوک و کوڕێک لە 10 رۆژ دا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا دایک و باوک و کوڕێکیان لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. کوڕێکی ئەو دایک و باوکەش دەڵێت، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم خۆیان بپارێزن، "ئەگەر نا هەمووان تووشی ئەم کارەساتە دەبن."

نەوا لەتیف کوڕی ئەو دایک و باوکەیە، ئەو بە دڵێکی تەنگ و هەناسەیەکی ساردەوە باسی تووشبوون و گیانلەدەستدانی دایک و باوکی و براکەی بە کۆرۆنا دەکات و دەڵێت "ئەو بارودۆخە ناخۆشەی ئێمەی تێکەوتووین، یاخوا کەس تێینەکەوێت، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە کەس نەیبینێت."

جیاوازی کاتی مردنی دایک و باوکەکە تەنیا شەش 6 کاژێر بووە

نەوا باسی تووشبوونی دایک و باوکی بە کۆرۆنا دەکات و دەڵێت "باوکم زۆر خۆی دەپاراست و بەردەوام پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بوو، بەڵام کاتێک تووشی کۆرۆنا بوو دۆخی تەندروستی زۆر باش بوو، بەڵام دواتر وردە وردە نیشانەی قورسی لێدەردەکەوتن و دوای مانەوەی دوو هەفتە لە ماڵەوە و هەفتەیەک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."

دایکیشی دوای باوکی تووشی کۆرۆنا بووە، نەوا دەڵێت "دایکم دوو شەو و رۆژ لە نەخۆشخانە بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە."

کاتی نێوانی گیانلەدەستدانی دایک و باوکەکە تەنیا شەش کاژێر بووە. نەوا دەڵێت: باوکم کاژێر 10:00ی بەیانی رۆژی چوارشەممە 30-09-2020 گیانی لەدەستدا و دایکیشم کاژێر 04:00ی ئێوارەی هەمان رۆژ.

براکەم دوای 20 ساڵ دووەم جار بوو گەڕایەوە ماڵەوە

نەوا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی براکەی دەڵێت، مانگی یەکی ئەمساڵ براکەم لە ئەوروپا گەڕایەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخرانی فڕۆکەخانەکان نەیتوانی بگەڕێتەوە. لەبەرئەوە دوای ئەوەی دایک و باوکم تووشی کۆرۆنا بوون، براکەیشم تووشبوو و دواتر بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.

لەتیف حمەعەزیز لەدایکبووی ساڵی 1945 بوو، بەگوتەی کوڕەکەی هیچ نەخۆشییەکی نەبوو. هەروەها قەدەمخێر رەشیدیش لەدایکبووی ساڵی 1949 بووە و کوڕەکەی دەڵێت "تەنیا کەمێک شەکرە و زەختی هەبوو". کوڕەکەیشیان کۆچەر لەتیف لەدایکبووی ساڵی 1974 بووە و هیچ نەخۆشییەکی دیکەی نەبووە.

داواکاری خێزانەکە بۆ هاونیشتمانییان: خۆتان بپارێزن با ئێوەش تووشی ئەم کارەساتە نەبن

نەوا لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد چیدیکە خەمسارد نەبن بەرامبەر رێنماییە تەندروستییەکان و "تاوەکو بۆتان دەکرێت خۆتان بپارێزن و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، چونکە ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە زۆر ناخۆشە و هیوادارین کەس تووشی ئەو خەمە گەورەیە نەبێت.".

تەنیا ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان 24 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 589 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 55 هەزار و 745، کە زۆرتریانیان لە سلێمانین. چاکبوونەوەش 34 هەزار و 880 کەسە. هەروەها تاوەکو ئێستاش 1992 کەس گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top