ئەمریکا پێشوازی لە رێککەوتنی شنگال دەکات

ئەمریکا پێشوازی لە رێککەوتنی شنگال دەکات
حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بە چاودێریی یونامی کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە درێژخایەنەکانی شنگال و بەربەستە ئەمنییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیوادارە کە رێککەوتنەکە رەوشێکی گونجاو دروست بکات بۆ گەڕانەوەی دڵخوازانەی ئاوارەکان بۆ شنگال کە بەهۆی داعشەوە ئاوارە بووبوون.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەبێت بەرژەوەندییەکانی شنگال و بەتایبەت قوربانییەکانی جینۆسایدی شنگال کاری سەرەکیی هەر پلانێک بن بۆ ئارامی و ئاسایشی شارەکە.

رۆژی هەینی 2020/10/09 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆبوونەوەدابوون بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.

حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەقی رێککەوتنەکەی نێوانیان لەبارەی شنگال بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی شارەکە دەکات و دەبێت کۆتایی بە بوونی پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانە بێت کە پەیوەندییان پێوەیەتی.
rudaw -
Top