لە هەولێر شەش هەزار پارچە زەویی کارت تاپۆ کران

لە هەولێر شەش هەزار پارچە زەویی کارت تاپۆ کران
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر تاپۆکردنی شەش هەزار پارچە زەویی ڕاگەیاند کە لێژنەیەکی باڵا سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1/10/2020، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەۆلێر له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی باڵا بۆ تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی کارتیان هەبوو پێک هێنرا، له‌ هه‌ولێر 120 هەزار پارچە زەوی کارتیان هەبوو، پێشتر 65 هەزاریان تاپۆ کراون و ئەمڕۆش شەش هەزاریان کراونەتە تاپۆ و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت".

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هه‌ولێر له‌ پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا ڕای گەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی باڵا پێک هێنراوە، کە نوێنەری پارێزگای هەولێر و شارەوانیی هەولێر و وەزارەتی شارەوانی و وه‌زاره‌تى دارایی تێیدا ئەندامن، پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان بەردەوام دەبێ".

لەبارەی بێدەنگکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی ناو هەولێریش پارێزگاری هه‌ولێر گوتی: "لەمڕۆوە هەر خاوەن مۆلیدەیەکی ئەهلی سزا دەدەین، کە مۆلیدەکەی بێدەنگ نەکردبێ".






باسنيوز
Top