وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرا.

لەماوەی دەستبەرکابوونی لە کەمتر لە ساڵێکدا، ئەمە دووەم سەردانی لۆرێنزۆ گوێرینی، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیایە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەکاتی پێشوازیکردن لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە هەولێر، هەر یەکە لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە ئامادەی پێشوازیکردنەکە بوون.

لۆرێنزۆ گوێرینی ئەمشەو لە هەولێر دەمێنێتەوە و بڕیارە سبەی سێشەممە دەست بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی بکات.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانەیە و ئیتاڵیا لەدوای 2014 نزیکەی هەزار و 400 راوێژکاری سەربازیی لە عێراق جێگیرکرد کە 800 راوێژکاریان لە هەرێمی کوردستان راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن و زیاتر لە 15 هەزار پێشمەرگە لەسەر دەستی ئەو راوێژکارانە راهێنانیان وەرگرتووە.

پێش گەیشتنی بۆ هەرێمی کوردستان، گوێرینی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێک لە بەرپرسانی دیکە کۆبووەوە.

rudaw -
Top