لە هەولێر بابەتی ژینگەپارێزی و جێبەجێکردنی یاسای زێدەڕۆیی گفتوگۆی لەسەر كرا

لە هەولێر بابەتی ژینگەپارێزی و جێبەجێکردنی یاسای زێدەڕۆیی گفتوگۆی لەسەر كرا
لە هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوتوێی پرسی تایبەت بە ژینگەسازی و جێبەجێكردنی یاسای زێدەرۆیی و رێگریكردن لەو دیاردەیەیان كرد، هەروەها بەم نزیكانەش هەڵمەتێكی ژینگەپارێزی دەست پێدەكات.

ئەمڕۆ شەممە 26/9/2020، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی ژینگەسازی و جێبەجێكردنی یاسای زێدەڕۆیی و رێگریكردن لەو دیاردەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر، كۆبوونەوەیەك گرێدرا،

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی كارگێڕیی پەیوەست بەو بابەتە بەڕێوە چوو.

ساسان عەونی، تیشکی خستە سەر پرسی ژینگەسازی لە رووی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و چارەسەركردنی و چاودێریی پرۆسەكە لە لایەن دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە شارەوانییەوە، هەروەها ڕای گەیاند كە ئەركی هاونیشتمانیشە لەو رووەوە هۆشیاری هەبێ.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بارەی جێبەجێكردنی یاسای زێدەڕۆیی و بەناوكردنی خانووە زێدەڕۆكانەوە، گوتی پەلە بكرێ لە جێبەجێكردنی یاساكە بۆ بەناوكردنی خانووە زێدەڕۆكان و رێگریكردن لە زێدەڕۆیی لە سنووری پارێزگەی هەولێر و لەو ڕووەوە هەر کەسێک کەمتەرخەمی بکات، بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت.

لەلای خۆیەوە دكتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ئاشكرای كرد، كە لەگەڵ فەرمانگەی شارەوانییەکان، بەم زووانە هەڵمەتێکی ژینگەسازی و چاندنی دار لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.

پارێزگاری هەولێر جەختیشی لە هەماهەنگی نێوان پارێزگای هەولێر و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی كردەوە، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك پلانێكی نوێ بۆ ژینگەسازی و بایەخدانی زیاتر بە ژینگەی هەولێر دابنرێ.













باسنيوز


Top