ماڵپەڕێکی ئەمریکی، لەبارەی هەژموونی ئێران لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هۆشداری دەدات
ماڵپەڕی (ئەل مۆنیتەر)ی ئەمریكی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە لەژێر ناونیشانی (سێبەری ئێران خەریکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان گەورە دەبێت) و تێیدا تیشک دەخاتە سەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی ئێران لەم ناوچەیە، بەتایبەتیش لە ڕووی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی سنووری.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە گرنگییەوە ئاماژە بە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخ و گەندەڵی لە گەرمیان کرد کە بەم دواییە وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد و جەخت کرابۆوە کە ئەم گرووپە کاری قاچاخییان لە یەکێک لە سنوورە فەرمییەکان ئەنجام داوە بێ ئەوەی ناوی سنوورەکە ئاماژە پێ بکرێت.
نووسەری ڕاپۆرتەکەی (ئەل مۆنیتەر) لەسەر زاری سەرچاوەکانی خۆی ئاشکرای دەکات کە تۆڕە قاچاخەکە لە سنووری پەروێزخان بووە و تا ئێستا بە بەهای سەدان ملیۆن دینار قاچاخچیەتییان کردووە.
بە گوتەی شێلی کیتلسن، نووسەری ڕاپۆرتەکە کە خۆی بەم دواییە سەردانی کەلاری کردووە، لە دوای نیوەی شەو، ئیتر کاتی ڕیزبوونی لۆرییە قاچاخەکانە کە لەو سنوورەوە دەهێنرێنە ناوەوە.
هەر سەبارەت بە هەژموونی ئێران لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە کە لە چەندین ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وەک خانەقین و گوڵاڵە، هێشتا هێزەکانی نزیک لە ئێران زاڵن.
باسیش لەوە كراوە كە یەکێک لەو کارانەی ئێران دەیکات، ئەوەیە هەرکات هێزێکی دیکە لەو ناوچانە جێگیر بکرێت، ئێرانییەکان لایەنەکان ئاگادار دەکەنەوە کە شاندێکی باڵای ئێرانی سەردانیان دەکات، ئەوەش تەنها بۆ ئەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بەو بیانووە دووبارە بڕژێنەوە ناوچەکە.
بە گوتەی ڕۆژنامەنووسەکە، ئێران تەنانەت بیری لە زیاترکردنی کارتی فشاری خۆی بۆ داهاتووش کردووەتەوە. ئەو دەڵێت: ”دروستکردنی چەندین بەنداو لەناو خاکی ئێران وای کردووە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئاوی ڕووبارەکانی وەک سیروان کەم بکەن و بۆ داهاتووش ئێران دەتوانێت بە گرتنەوەی بەنداوەکان هەڕەشەی جددی بکات“.
باسنيوز
