لە شەش مانگدا لە ئێران 34 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون

 لە شەش مانگدا لە ئێران 34 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون
ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ ئاشکرای کردووە لە شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم حوکمی سێدارەی ٣٤ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی خۆی بڵاوی کردووەتەوە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی (٢١ی مارس هەتا ٢١ی سێپتەمەبر)، حوکمی سێدارەی لانیکەم ٣٤ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەزگای داوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.

چوار کەس لەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا لەسێدارە دراون بە ناوەکانی "مستەفا سەلیمی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، دیاکۆ ڕەسووڵزادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵا" بەندکراوی سیاسی بوون.

هەروەها، دوو کەسیان بە ناوەکانی ئەمیر محەمەدپوور خەڵکی بۆکان و شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقز لە کاتی ئەنجامی تاواندا تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

لە کۆی ئەو ٣٤ کەسەی کە لەسێدارە دراون، ٤ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ٢ کەسیان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢٨ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پارێزگاکانی سنە و ورمێ هەرکامەیان ١٢ هاووڵاتی، لە پارێزگای لوڕستان ٥ هاووڵاتی و لە پارێزگای کرماشان ٤ هاووڵاتی و لە پارێزگای گیلان هاووڵاتییەکی کورد لەسێدارە دراون.







باسنيوز
Top