ترەمپ پێشبینی دەكات هەڵبژاردنەكەی ئەمساڵ لەبەردەم دادگای باڵای ئەمریكا كۆتایی پێبێت

 ترەمپ پێشبینی دەكات هەڵبژاردنەكەی ئەمساڵ لەبەردەم دادگای باڵای ئەمریكا كۆتایی پێبێت
دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە كۆشكی سپی رایگەیاند، باوەڕیوایە هەڵبژاردنی 2020ی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لەبەردەم دادگای باڵای ئەمریكا كۆتایی پێدێت، لەو روەشەوە بە گرنگی زانی كە 9 دادوەر لە دادگاكە ئامادەبن.

سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كە كۆمارییەكان بۆ جاری دوەم كاندیدیانكردەوە بۆ هەڵبژاردنی 2020ی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ركابەری جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان دەكات كە لە خولی پێشوتر جێگری سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بو.

پێویست ناكات دانیشتنی گوێگرتن لە كاندیدەكان رێكبخات، بەڵكو پێویستە پرۆسەكەی بەخێرایی ئەنجامبدرێت

ترەمپ لە وتارەكەیدا وتی، سیناتۆر لیندسی گراهام، كە سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی پیران دەکات، تەنانەت پێویست ناكات دانیشتنی گوێگرتن لە كاندیدەكان رێكبخات، بەڵكو پێویستە پرۆسەكەی بەخێرایی ئەنجامبدرێت.

رۆژی هەینی، رۆت بادەر گێنسبورگ یەكێك لە دادوەرانی دیاری دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە تەمەنی 87 ساڵیدا بەهۆی شێرپەنچەی پەنکریاسەوە گیانیلەدەستدا.

لە 19ی ئەیلول، دۆنالد ترەمپ رایگەیاند، رەنگە پاش مردنی گێنسبۆرگ، پاڵێوراوێك بۆ پڕكردنەوەی كورسی بەتاڵی دادگای باڵای ئەمریكا هەڵبژێرێت، پێشبنیشی كرد كە دەبێت ئەو پۆستە لەلایەن ژنێكەوە پڕبكرێـتەوە.

لەبەرامبەردا جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە جێگرەوەکەی گێنسبۆرگ دیارینەکرێت، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدەدرێت، ئەو کاتە جێگرەکەی لەلایەن سەرۆکی داهاتوی وڵاتەوە دیاریبکرێت.







خەندان
Top