540 ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی خۆپارێزی ناوەندەکانی خوێندن تەرخاندەکرێت
وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت، بەمەبەستی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی 540 ملیۆن دینار بۆ کڕینی پێداویستییەکانی خۆپارێزی بۆ ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە لە تەواوی کوردستان تەرخاندەکرێت.
لە رۆژی 19-8-2020 ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیار بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەرکران.
بڕیارەکانی وەزیری پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن:
- پێکهێنانی لیژنەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی مامۆستا بورهان عەبدوڵڵا تایبەت بە کەمکردنەوەی رۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکان و پەروەردەی قەزاکان لەگەڵ پیادەکردنی پێوەری چاودێری پێویست.
- رۆژی 1ـی ئەیلوول بۆ دەستبەکاربوونی مامۆستایان دیاریکرا، رۆژی 27ـی ئەیلوولیش یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2019 – 2020 لە هەرێمی کوردستان.
- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی راوێژکار بورهان عەبدوڵڵا و ئەندامیەتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی ئەحمەد ئیسماعیل رەحمان، شیلان خەلیل جونێد، جەلال هەمزە کاکەشین، بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکان بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021.
- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک سەبارەت بە دانانی بانکی پرسیارەکان تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناخی 12ـی ئامادەیی بە سەرۆکایەتی کەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان و ئەندامییەتی کاوە عومەر، بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان. کە پێویستە لە ماوەی چوار مانگدا کارەکانیان تەواوبێت.
- رێگەنەدان بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە، ناکرێت بیناکانیان بەکاربهێنن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی وانەکانی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن.
- هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیکردنی هەردوو بابەتی بیرکاری و زاستە گشتییەکان تایبەت بە قۆناخی فێرکردنی بنەڕەتی، کە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016 وە دەستی پێکردووە، هاوکات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی، راوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامیەتی هەریەک لە راوێژکاران: بورهان عەبدوڵڵا عادل، بەڕێوەبەری گشتی دیوان مەریوان بەگۆک و بەکر کەریم، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان بە مەبەستی پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (14)ـی ساڵی 2012 و رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2016 باخچەو قوتابخانەو پەیمانگە ناحکومییەکان.
rudaw -
