هەولێر و مالاگای ئیسپانیا دەبنە دەستەخوشک
هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و شاری مالاگای ئیسپانی رێککەوتنامەی دەستەخوشکی واژۆدەکەن.
رۆژی یەکشەممە 2020/09/20 د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ خوان خۆسێ ئێسکوبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی گشتیی ئیسپانیا لە عێراق ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیەتی بۆ هەولێر و هیوای خواست ئەو سەردانەشی ببێتەماییەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مەدرید.
هەروەها خوان خۆسێ ئێسکوبار رایگەیاند: "هەرچەندە هەوڵێکی زۆرمان دا کونسوڵخانەی سەرەکیی وڵاتەکەمان لە هەولێری پایتەخت بکەینەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، ئێستا کونسوڵی فەخریمان لە هەولێر هەیە و لەو رێگەیەشەوە لە رووی پەیوەندیی فەرهەنگییەوە تا ئاستێکی باش پەیوەندییەکانمان بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە، هیوادارین لە رووی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە پەیوەندییەکانمان بەرەو پێش ببەین".
دواتر باڵیۆزی گشتیی ئیسپانیا لە عێراق و شاندی یاوەری پێشنیازی واژۆکردنی رێککەوتنامەی دەستەخوشکی لەنێوان شاری مالاگا و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان خستەڕوو.
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە لای خۆیەوە رایگەیاند، "خۆشحاڵین و پێشوازی لە پێشنیازەکەتان دەکەین بۆ واژۆکردنی رێککەوتنامەی دەستەخوشکیی شاری مالاگای ئیسپانی و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، "وەک ئیدارەی پارێزگای هەولێریش کە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و سیاسییە لە عێراق، ئامادەین بۆ هەموو ئاسانکارییەک لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان و دەرگامان کرایەوە و لە هەموو بوارەکاندا ئامادەین بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەتان و رەخساندنی درەفەت بۆیان".
مالاگا شارێکی دێرینی ئیسپانیایە، لەلایەن فینیقییەکانەوە پێش نزیکەی 2770 ساڵ لەمەوپێش دروستکراوە، دەکەوێتە باشووری ئیسپانیا و لەسەر دەریای ناوەڕاستە. ئەو شارە بۆ 11 ناوچەی کارگێڕی دابەش بووە. لە رووی ئابوورییەوە چوارەمین شارە لەسەر ئاستی ئیسپانیا و لەدوای شارەکانی مەدرید، بارسێلۆنا، ڤالانسیا دێت، ژمارەی دانیشتووانەکەی 574 هەزار و 654 کەسە.
rudaw
