بچوكترین كچە ڕزگاربووی ئێزیدی لە كەربەلا دەدۆزرێتەوە

بچوكترین كچە ڕزگاربووی ئێزیدی لە كەربەلا دەدۆزرێتەوە
بچوكترین كچە كوردی ئێزیدیی ڕزگاربووی دەستی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، لە خانەیەكی بێسەرپەرشتانی كەربەلا دۆزرایەوە و ئەمڕۆ وەزیری كۆچبەرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لێ كرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە دیوانی وەزارەتەكەی پێشوازی لە بچوكترین كچە كوردی ئێزیدی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش كرد، كە لە خانەیەكی بێسەرپەرشتانی كەربەلا دۆزراوەتەوە و هەر لەوێش ناوێكی عەرەبی نوێیان لێ ناوە بە ناوی "ئایە عەباس زەنوون".

ئەم منداڵە ئێزیدیە كە لە كەربەلا هاوشێوەی منداڵانی موسڵمانی شیعە، جلوبەرگ و لەچكی لەسەر نراوە، لەو كاتەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەر شنگالدا گرت، كەسوكاری خۆی لەدەست داوە.

وەزارەتی كۆچ لەمبارەیەوە بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كچە كوردە ئێزیدییەكە تەمەنی تەنها 11 ساڵە، گوزارشتێكی ڕوونە لە دڕندەیی و تاوانكاریی چەكدارانی داعش، كە منداڵێكی وا بچوكیشیان كردووەتە قوربانی هەڵمەتی لەناوبردنی كوردانی ئێزیدی.

بەیاننامەكە ئاماژەشی بەوە كردووە كە وەزیری كۆچی عێراق لە مووچەی تایبەتی خۆی، مووچەیەكی بۆ كچە منداڵە ئێزیدییەكە بڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی لە خانەی بێسەرپەرشتانی كەربەلا خەرجییەكانی خۆی پێدابین بكات.

جێی باسە سەرباری ئەوەی داعش هەزاران هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی كۆمەڵكوژ كرد، تا ئێستا چارەنووسی دوو هەزار و 900 ژن و منداڵی كوردی ئێزیدی نادیارە.













باسنيوز



Top