جیمس جیڤری بۆ دیدارێكی گرنگ گەیشتە رۆژئاوای كوردستان

جیمس جیڤری بۆ دیدارێكی گرنگ گەیشتە رۆژئاوای كوردستان
ئەمڕۆ یەكشەممە 20/9/2020، جیمس جیڤری، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێكی گرنگ لەگەڵ لایەنە سیاسییە دانوستانكارە كوردییەكان، گەییشتە رۆژئاوای كوردستان.

سەرچاوەیەكی كورد، لە سووریاوە ڕاگەیاند، كە ئەمڕۆ جێڤری لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) و حزبەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردی، كە گەورەترینیان (پارتی یەكێتیی دیموكرات - پەیەدە)یە، دیدارێك سازدەكات و ئەو دیدارە لە بارەی ئەو دانوستانانەوە دەبێ كە ئێستا لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەدەچن.

سەرچاوەكە، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە تا ئێستا نازانرێ دیداری جێڤری لەگەڵ هەردوولادا ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی شاشە و تەلەڤزیۆنەوە دەبێ، بەڵام پرسی گفتوگۆكان لە چوارچێوەی بابەتی ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی سیاسیی كورد و دانوستانەكانی نێوان هەردوولادا دەبێ، كە ئێستا بەڕێوەدەچن.

لە بەشێكی دیكەی ئاخاوتنەكەیدا، سەرچاوەكە ڕوونیكردەوە، بەرنامەی سەردانی جێڤری بۆ سووریا، بە پلە یەك لە بارەی دانوستانەكانی (كورد – سووریا) و بابەتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەبێ، كە لەگەڵ رژێمی سووریادا ناكۆكن، بۆیە لە ماوەی سەردانەكەیدا، ناوبراو دیداری لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنە سیاسییە عەرەبییەكانیش دەبێ.

لە بارەی وادەی ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی سیاسیی كورد، سەرچاوەكە ئەوەی خستەڕوو، كە وادەكە دیارینەكراوە، تا ئەم ساتەش نازانرێ جێڤری ئامادەی ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتییەكە دەبێ یان نا. ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ئەوە ڕاگەیاندرا كە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا و حزبەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردی لە بارەی مەرجەعیەتی كوردەوە، بە چاودێریی ئەمەریكا گەییشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی و بەم نزیكانە ڕادەگەیەنرێت.









باسنيوز
Top