شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلادانان و پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممەش بەشداری کۆبوونەوەکانی ستراتیژییەتی سێ ساڵی داهاتووی بودجە دەکەن.
پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەیە هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە دەچنە بەغدا و رۆژی دووشەممە بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیژییەتی بودجە دەکەن کە بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا گفتوگۆدەکرێت لەبارەی ستراتیژیەتی بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2021 و 2022 و 2023، کە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێک لە عێراقی فیدرال بەشداردەبێت لە داڕشتنی سراتیژییەتی بودجەی ئەو سێ ساڵەدا.
چوونی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، دەبێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بچێتە پەرلەمانی عێراق بۆئەوەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی ساڵ دەنگی لەسەر بدات و پەسندی بکات.
k24 -
