وەزارەتی کشتوکاڵ: هەوڵدراوە شوێنی سنەوبەرەکانی تاسڵوجە بکرێتە پرۆژە

وەزارەتی کشتوکاڵ: هەوڵدراوە شوێنی سنەوبەرەکانی تاسڵوجە بکرێتە پرۆژە
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەدواداچوونیان بۆ سووتانی سنەوبەرەکانی رێگەی تاسڵوجە - سلێمانی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەو ناوچەیە بكرێتە پرۆژە، بەڵام وەزارەتەکەیان رازی نەبووە.

حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا بەرهەمی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتەکەی بۆ کەیسەکە بە چەند خاڵێک خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:

- پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێتە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەو دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەییان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پرۆژە بكرێت.

- ئەم دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندووبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە.

- ئێستا ئەو دار سنەوبەرانە (ئەو ناوچەیە) كەوتووەتە ناو سنووری شارەوانیی تاسڵوجە و راپەڕین.

- وەزارەتمان پرۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادە كردووە، ئێستا لە قۆناخی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمییانە دارستانەکان لە سووتان و لەناوچوون بپارێزرێن.

لەگەڵ ئەوەی ئەو بابەتە لەچەند رۆژی رابردوو روویداوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی گوتووە، پێویستە ئەو کەسانەی دەستیان لەو کارەدا هەیە، دەستنیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، "ئێمەیش لە چوارچێوەی پەیوەندیداریمان هاوكار و بەردەوام دەبین بۆ پاراستنیان [دارستانەکان]".
k24 -
Top