مەسرور بارزانی: گەشبینم بەوەی لەگەڵ عێراق بگەینە رێککەوتنی کۆتایی

مەسرور بارزانی: گەشبینم بەوەی لەگەڵ عێراق بگەینە رێککەوتنی کۆتایی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەشبینە بەوەی کە دەتوانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە بەربەستی زۆر هەن، بەڵام تیمێکی دانوستاندنی بەهێزمان هەیە و لە مەبەستەکەیاندا یەکگرتوون.

رۆژی 10ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەنێویاندا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەدوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە رایگەیاند "ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ کاری هاوبەش، هەروەک چۆن پێشتر هاوکاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی هەردوولا بەشداربوون لە باش بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەدژی داعش".

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی کازمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە شاندەکەی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە کە دڵخۆشە بە سەردانەکە و ئامادەیی خۆیشی راگەیاندووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، بەتایبەت چاوی لە "چارەسەری درێژخایەنە".

هەر دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی 10ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی رایگەیاند "مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی رەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت".

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە، "هیوادارین هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن".

رۆژی 15ی ئەیلوول ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێز کراوە و لە داهاتوودا و لە رێککەوتنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 رووندەبێتەوە.
k24 -
Top