لە كەركووك ئافرەتێكی بیانی لەلایەن خاوەنكارێکەوە ئەشكەنجە و ئازار دەدرێت
ئەمڕۆ پێنجەشممە 17/9/2020، موقەدەم مستەفا نەوزاد، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی قۆریەی كەركووك، ڕایگەیاند: "هاووڵاتییەك لە شاری كەركووك لە کۆمپانیایەکی کار لە بەغدا ئافرەتێكی ئەفریقی هێناوە بەمەبەستی خزمەتكردن لە ماڵەكەی، بەڵام ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆری داوە و پاشان لە ماڵەكەی دەری کردووە".
گوتیشی: "ئێستاش ئافرەتەكە لە ماڵی موختاری گەڕەكی تسعینی كەركووكە و تاكوو ئێستاش نەتوانراوە ئەو كەسە دەستگیر بكرێت كە ئەشكەنجە و ئازاری ئەو ئافرەتە بیانییەی داوە و پۆلیسیش لە لێكۆڵینەوەكانی بەردەوامە".
هاوكات یاوەر ئەڵاوێردی، موختاری گەڕەكی تسعینی كەركووك، ڕایگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ئافرەتێكی بیانی كە خەڵكی رۆژئاوای ئەفریقایە و بەمەبەستی كاركردن ڕووی لە عێراق كردووە، لەلایەن ئەو كەسەی كە لە ماڵیان خزمەتی كردووە دەركراوە و دواتر بۆمان دەركەوت كە ئەم ئافرەتە تەمەن 27 ساڵە و خاوەنی چوار منداڵیشە لەلایەن خاوەن ماڵەكەوە ئەشكەنجە و ئازار و تەعەدای لێ كراوە و ئێستاش ئافرەتەكە لە ماڵ ئێمەیە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاگادارن و ئافرەتەكە لە بارێكی دەوورنیی خراپدایە و دوا لە حكوومەت دەكەم كە هەرچی زووە ئەوەی كە بەسەری ئەو ئافرەتەدا هێندراوە مافی وەربگیرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەك ئیتر كەس ئەشكەنجەی ئەو كەسانە نەدات كە بەمەبەستی كرێكاری روو لەم وڵاتە دەكەن".
ئەو موختارە گوتیشی: "بەداخەوە لە كەركووك شوێنی دڵدەدانی ئافرەتان هەڕەشەلێكرا و نەوجوانان بێ باوك و دایك نییە كە ئەمەیان زۆر پێویستە هەبوایە بۆ ئەوەی ژنانی هەڕەشەلێكراو و منداڵانی بێ دایك و باوك شوێنێكیان هەبوایە".
باسنیوز
