حکومەتی عێراق: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە بودجەی 2021 رووندەبێتەوە

حکومەتی عێراق: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە بودجەی 2021 رووندەبێتەوە
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێز کراوە و لە داهاتوودا و لە رێککەوتنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 رووندەبێتەوە.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆی سازکرد، لە بەشێکیدا پرسیاری لەبارەی پێشڤەچوونی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەردانی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان لێکرا.

لە وەڵامی سەردانەکەدا گوتی "سەردان و بەسەرکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگ بوون، چەندین دیدار و کۆبوونەوە کران لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان، باسی هەموو پرسە هەڵپەسپێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا بە درێژایی ساڵانی رابردوو". لەبارەی پێشڤەچوونی گفتوگۆکانیش گوتی "لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەهێزکرا، کە ئەمەش لە رێگەی سەردانی دوولایەنە و هاتن و چوونی شاندی نێوان هەردوولا لە بەغدا و هەولێر کراوە، ئەم لێکتێگەیشتنە بەهێزکرا".

پێنجشەممە و هەینی رابردوو 10 و 11ی ئەم مانگە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. رۆژی یەکەم لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری کۆبووەوە و دواتریش سەردانی دهۆکی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی کامپێکی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی و دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل. رۆژی دووەمیش سەردانی سلێمانی و هەڵەبجەی کرد و چووە دەروازەی سنووری باشماخ، دواتریش میوانی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بوو لە مێرگەپان، هەر لەوێ چاوی بە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی کەوت.

ئەحمەد مەلا تەڵال لەبارەی کۆبوونەوەکانی کازمی لە هەرێمی کوردستان گوتی "جەختکرایەوە لە رێککەوتنی قۆناخیی کە بەم دواییانە لەنێوان بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم کراوە، هاوکات رێککەوتن کراوە کە هەوڵبدرێت ئەو رێککەوتنە لە بودجەی 2021 زەمینەی بۆ بڕەخسێت و بەهێزبکرێت و مافە دەستوورییەکانی حکومەتی فیدرالی جێگیربکرێت تایبەت بە دەروازەکان و نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی ژمارەی بەرمیلەکانی نەوت و رادەستکردنی بە بەغدا ، ئەم گفتوگۆ و رێککەوتنانە لە بودجەی 2021دا روون دەبنەوە.



rudaw
Top