لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانی پەرلەمان چاوەدێریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی گەرمیان دەکات
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان، ئاشكرای كرد بۆ چاودێریی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەگەڵ لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنانی پەرلەمانی کوردستان هەماهەنگ دەبین و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی تایبەتمەند سەردانی سنوورەکەیان کردووە.
مەحموود لەتیف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە 15/9/2020 راگەیاند: "وەك بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی گەرمیان هەماهەنگ و هاوكاری لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین بۆ بەسەركردنەوە و ئاگاداربوون لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە دەڤەری گەرمیان."
گوتیشی: "لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان كرد و لە کاری پرۆژەكانی نیشتەجێبوونیان كۆڵییەوە، هاوكات چەندین خاڵیان دیاری كردووە ئێمە كاریان لەسەر بكەین، وەك باشكردنی رێگەی هاتوچۆ بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون و رێكخستنی نرخی قستەكانی یەكەكانی نیشتەجێبوون."
مەحموود لەتیف ئەوەشی خستە ڕوو: "لیژنەكە بۆ بە ئاگاداربوون لە كاری كمپانیاكانی تایبەت بەدروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون سەردانی تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و كار و بەسەركردنەوەكانیان بەردەوامە."
باسنیوز
