لە هەولێر دەست بەسەر چەکی قاچاخدا گیرا کە لە تورکیاوە هێنراون

لە هەولێر دەست بەسەر چەکی قاچاخدا گیرا کە لە تورکیاوە هێنراون
هەزار و 500 دەمانچە و کڵاشینکۆف لە ماڵێکی هەولێردا گیران، بە فەل و ڕێگەی قاچاخدا لە تورکیاوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان و تا هەولێر براون.

هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەدوای بازرگانێکی فرۆشتنی چەکدا گەڕان، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە هەزار و 500 چەک دەستیان بەسەردا گیرا.

هێزەکانی ئاسایش دوو رۆژ سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوون بۆ ئەوەی دەست بەسەر دەمانچە و کڵاشینکۆفەکاندا بگرن، چەکەکان بە پارچەپارچە و بە قاچاخ برابوونە هەولێر.

مولازم رەشوان ئازاد، ئەفسەر لە ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەمیشە لەلایەن خەڵکی هەولێرەوە زانیاریمان پێدەگات. کە بەدواداچوونمان بۆ کرد توانیمان شوێنەکە دەستنیشان بکەین".

دوو بازرگانی فرۆشتنی چەک دەستگیرکراون و چەند کەسێکی دیکەش لە رووداوەکەدا تێوەگلاون. ئاسایش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەگەڵ تۆمەتبارەکان بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش دەستگیر بکەن و بزانن لە کام رێگە و چۆن هێنراونەتە نێو هەرێمی کوردستانەوە.

جۆری دەمانچەکان بە "حەشدی شەعبی" ناسراون و نرخەکانیان لەنێوان 125 دۆلار بۆ 300 دۆلاردایە، بەشێک لە چەکەکانیش فرۆشراون و چەکەکانی دیکەش ئامادەکرابوون بۆ فرۆشتن.

بەشێک لەو تاوانانەی پێشتر کراون، بەم جۆرە چەکانەن. سەرجەم چەکەکانیش لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە لەنێو دەبرێن و تۆمەتبارانیش رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.



rudaw
Top