لە كەركووك پیاوێك بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنەسەر دوو كچی خۆی دەستگیر دەكرێت

لە كەركووك پیاوێك بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنەسەر دوو كچی خۆی دەستگیر دەكرێت
لە شاری كەركووك باوكێك دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر دوو كچی و خۆی و سەرچاوەیەكی ئەمنیش هەواڵەكە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت دەستگیر کراوە.

لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شاری كەركووك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین ڕایگەیاند: "لە شاری كەركووك، باوكێك دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر دوو كچی خۆی، دوێنێ یەكشەممە 13/9/2020 لەلایەن پۆلیسەوە ئەو باوكە دەستگیر كراوە".

گوتیشی: "ئەمە تاوانێكی گەورەیە و لە شاری كەركووك ڕووی داوە و كچەكانی ئەو پیاوە ئێستا لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین و دوای ئاشكرابوونی ئەو كردەوەیە باسیان لەوە كردووە كە بەنیازن كۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن و باوكیان دانی بەو تاوانە قێزەونەدا ناوە و دوای لێكۆڵینەوەكان ڕادەستی دادگای لێكۆڵینەوەی شاری كەركووك دەكرێت".

بەپێی زانیارییەكان ئەو بنەماڵەیە عەرەبن و دانیشتووی شاری كەركووكن و پیاوەكە تەمەنی 45 ساڵە، دوای ئەوەی یەكێك لە كچەكانی لە دەستی هەڵدێت پۆلیس باوكی دەستگیر دەكات و پاشان حاڵە‌تەكە ئاشكرا دەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دووشەممە 14/9/2020، شۆخان محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی، لە كۆمەڵەی هیوا بۆ مافەكانی ئافرەتان لە كەركووك، ڕايگەیاند: "حاڵەتێكی قێزەون لە شاری كەركووك رووی داوە كە ئەویش بریتییە لەوەی باوكێك دەستدریژیی كردووەتە سەر دوو كچی و ئێمە لەو بارەیەوە ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر ئەو حاڵەتە".

گوتیشی: "ئێمە وەكوو كۆمەڵەكەمان بەرگری لەو دوو كچە دەكەین كە بوونەتە قوربانی و پێویست بكات پارێزەریشیان بۆ دابین دەكەین".












باسنيوز



Top