ڕاپۆرتی كۆتایی پرۆژەیاسای ماف و ئەركی نەخۆش ئامادە كرا
خەدیجە مزووری، ئەندامی لێژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: "هەردوو لێژنەی كاروبای یاسایی و لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی رێكخستن و ئامادەكردنی دوایین ڕاپۆرت لەبارەی پرۆژەیاسای ماف و ئەركی نەخۆشیان ئامادەکارییان كردووە".
گوتیشی: "دوێنی 13-9-2020 كۆبوونەوەیەكمان بەڕێوە برد و لە كۆبونەوەكەدا سەرجەم ئەو پێشنیارانەی كە ئەندامانی پەرلەمان خستبوویانە ڕوو لە كاتی خۆێندنەوەی دووەمدا بۆ پرۆژەیاساكە جارێكی تر رێك خرانەوە".
خەدیجە مزووری، روونیشی كردەوە: "ڕاپۆرتی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاسای ماف و ئەركی نەخۆش ئامادە كراوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا بخرێتە بەرنامەی كارەووە و بخرێتە دەنگدانەوە".
بڕیارە سبەینێ سێشەممە 2020.9.15 پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و دوو بابەتی سەرەكی تاوتوێ دەكات، كە بریتین لە تاوتوێی پرۆژەیاسای لە ئەستۆگرتنی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و دەنگدان بە پرۆژەیاسای ماف و ئەركی نەخۆش.
پێشتر سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەی ژمارە (٥)ی ئاسایی خولی پاییزەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە ببات".
گوتیشی "كۆبوونەوەكە لەسەر دوو بابەت گفتوگۆ دەکات، یەکەمیان بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (لە ئەستۆکردنی فەرمانبەران لەھەرێمی کوردستان-عێراق)، بابەتی دووەمیش دەنگدان دەبێت لەسەر پرۆژەیاسای (ماف و ئەرکی نەخۆش لەھەرێمی کوردستان)".
باسنیوز
