مەکتەب قورئانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەدات لەبارەی دەستگیرکردنی هەندێک مەلا

مەکتەب قورئانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەدات لەبارەی دەستگیرکردنی هەندێک مەلا
لەدوای پەسندکردنی مەزهەبی فەرمی بە شیعەی 12 ئیمامی لە دەستووری ئێراندا، کەمینە مەزهەبییەکانی دیکەی ئێران هەمیشە بەجۆرێک لەژێر گوشارەکانی حکومەتدا بوون. مەزهەبی سوننەش یەکێک بووە لەو کەمینە مەزهەبییانە و زۆرجار لەلایەن حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانەوە، بە هەموو جۆرێک سنووردار کراوە.

لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا هەواڵی دەستبەسەرکردنی 26 مامۆستای ئایینی سوننە مەزهەب لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەپاندنی سزای زیندان و قامچی لێدان بەسەر مامۆستایەکی ئایینی سوننە مەزهەب لە شاری خەڵخاڵی سەر بە پارێزگای ئەردەبیل، جارێکی دیکە پێشێلکردنی مافی مەزهەبە ناشیعەکانی ئەو وڵاتەی هێنایەوە بەرباس.

بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران لە 12 پارێزگای ئەو وڵاتە کەسانی سوننە مەزهەب هەن کە نزیکەی 12%ی دانیشتووانی ئێران پێکدێنن. پارێزگاکانی تاران، بووشێهر، خوراسان، بەلووچستان، فارس، کرمان، گوڵستان، گیلان، هورموزگان، کرماشان، سنە و ورمێ، بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن.

هەرچەندە ئامارە نافەرمییەکان باس لە هەندێک پارێزگای دیکەش دەکەن کە سوننە مەزهەبەکانی تێدا نیشتەجێن، بەڵام لە ئامارەکانی حکومەتدا باس لەو پارێزگایانە نەکراوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیوەی کەمتری دانیشتووانی پارێزگای ورمێ سوننە مەزهەبن. لە پارێزگای سنە، دوو شاری قوروە و بیجار شیعە مەزهەب و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە سوننە مەزهەبن. هەروەها لە پارێزگای کرماشانیش یەک لەسەر سێی دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن.

دانیشتووانی سوننە مەزهەبی ئێران لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە، رووبەڕووی دەیان جۆر سووکایەتی و بێڕێزی و هەڕەشە بوونەتەوە. لە داخستنی مزگەوتە سوننەکان و رووخاندنیان لە هەندێک لەو شوێنانەی بە فەرمی وەکو سوننەنشین تۆمارنەکراون، تاوەکو دەستبەسەرکردن، وەرگرتنەوەی مافی مامۆستایەتی، زیندان و لێدانی قامچی و تەنانەت لە هەندێک لە دۆسییەکاندا گەیشتووەتە ئاستی لەسێدارەدان.

هەرجارێکیش کەسایەتییە ناودارەکانی سوننە گلەییەکیان لەو دۆخە کردبێت، یان لەلایەن میدیا فەرمییەکانی حکومەتەوە، پشتگوێخراون، یان ئەگەریش بەجۆرێک لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە وەڵامیان درابێتەوە، هۆشداریی ئەوەیان پێدراوە کە نەبنە هۆی ناکۆکیی نێوان مەزهەبەکانی شیعە و سوننە. بۆیە کێشەکان هەمیشە لەجێی خۆی ماونەتەوە، تەنانەت لە هەندێک کاتیشدا زیاتر بووە.

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی ئایینی لە شاری بۆکان و هەروەها سزای زیندان و لێدانی قامچی بۆسەر مامۆستای ئایینیی سوننە مەزهەبی خەڵخاڵ، حەسەن ئەمینی، سەرۆکی رێکخراوی مەکتەب قورئان لە راگەیەندراوێکدا بۆ ئیدانەی ئەو هەڵسوکەوتەی حکومەت باس لە هەڵاواردنی مەزهەبی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت "ئەم سیاسەتی هەڵاواردنە لە ئاییندا، هۆکارێکە بۆ خراپکردن و داخستنی مزگەوتەکان لە ناوچە سوننە مەزهەبەکاندا. ساڵانێکە دەستیانکردووە بە دەستبەسەرکردن و رێگریکردن لە مامۆستایانی ئایینی لە شارە سوننە مەزهەبەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەر کەسانێک بیانەوێت بە دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب، جیاوازی لەنێوان موسڵمانان دابنێن، ئێمەش کاردانەوەی خۆمان دەبێت".

هەڵبەت دیارنییە کاردانەوەی کۆمەڵگەی سوننە مەزهەبەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چی دەبێت، ئەوەی دیارە ئەوەیە لە 40 ساڵی رابردوودا سوننە مەزهەبەکان کاردانەوەیەکی گەورە و جیددییان بە پێشێلکردنی مافەکانیین نەبووە.



rudaw
Top